لە کۆبوونەوەی بلینکن و سوودانی چۆن باسی هەرێمی کوردستان کرا؟

15-04-2024 07:36

پەرەگراف

قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەی نێوان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن و لایەنی ئەمەریکی بە گرنگییەوە باسی ئەو دۆسیەیانەیان کردووە.

شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی بە سەردانێکی شەش ڕۆژە لە ئەمەریکان و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان دەبێت و ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوەو پاشان لە کۆشکی سپی جۆ بایدن پێشوازیی لە سوودانی کرد.

دیلان غەفور، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق کە ئەندامی شاندەکەیە، بۆ پەرەگراف ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرا کرد کە بەشێکی پەیوەست بووە بە هەرێمی کوردستان.

دیلان غەفور وتی "ئەنتۆنی بلینکن بە گرنگییەوە باسی لەوەکرد کە وڵاتەکەی خوازیاری پەیوەندییەکی باش و بەهێزە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردسان و عێراق و دەیانەوێت کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و پەیوەندییەکانیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام بن".

"هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوایکرد هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێ بکرێتەوەو بەربەستەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە چارەسەر بکرێن، لەبارەی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستانیش ئەنتۆنتی بلینکن ئاماژەی بە نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێم کرد" سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق وای وت.

لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سوودانی ئەوەی خستووتەڕوو، پەیوەندییەکی بەهێز و باشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیەو وتی "عێراقیش سوورە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چونکە زیانی بە داهاتی وڵات گەیاندووەو بەپێی ڕێککەوتنەکانیش لەگەڵ تورکیا پێویستە بۆریی نەوتی نێوان هەردوو وڵات نەوتی پێدا بڕوات، ئەوەشی خستەڕوو بۆ چارەسەری بەربەستەکانیش هەوڵدەدەن یاسای بودجە هەمواربکرێتەوەو هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە".

"سەرکوەزیران دڵنیایی بە لایەنەی ئەمەریکیدا کە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەستووریی و ڕێزلێگیراوەو هیچ مەترسییەکی لەسەر نییەو بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدراڵیش بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانییە لە نێوان سەرجەم هاوڵاتییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە" دیلان غەفور وادەڵێت.

پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکاو دۆسیەی وزە، نەوت و گاز و کارەبا، بەشێکی دیکەبووە لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا و ئەمەریکا بە گرنگییەوە چاوی لەوەیە عێراق وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی وزەدا بکات و دەرفەتی زیاتر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بڕەخسێنێت تا بتوانێت پشتبەخۆی ببەستێت بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستی ناوخۆ و پێویستی بە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران نەبێت.