جۆ بایدن: پشتگیری هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە و شەفاف دەکەین لە هەرێمی کوردستان

16-04-2024 09:02

پەرەگراف

کۆشکی سپی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی جۆ بایدن و محەمەد شیاع سوودانی بڵاوکردەوەو بەشێکی گفتوگۆکانیان تایبەت بووە بە پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق و دۆسیەی مووچەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە سەرۆکی ئەمەریکاو سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆخی ناوچەکەو پرسی تیرۆر، ئاسایش و ئابوریی و سیستمی بانکییان تاوتوێ کردووە.

بایدن و سودانی باسیان لە تێڕوانینی هاوبەشی خۆیان کردووە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە خۆشگوزەرانی و سەقامگیری گشتیی عێراق.

لەو ڕوانگەیەوە، جۆ بایدن دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی بەردەوام کە چارەسەری ئاستەنگە درێژخایەنەکان دەکات، لەوانەش ڕێککەوتنی ئەم دواییە بۆ پێدانی دوو مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها هانی بەردەوامیی ئەو پێشکەوتنانەی داوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە عێراق دووپاتکردووەتەوە، لەنێویدا هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و شەفاف لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردووەتەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی و دەستخۆشی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی عێراق کردووە بۆ چاکسازیی لە کەرتی بانکیی.