شاخەوان عەبدوڵا: بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت

16-04-2024 03:36

پەرەگراف

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ پارتی ناکرێت و هەنگاو هەیە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پارتی.

شاخەوان عەبدوڵا کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتییە، لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی وت "کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت، کە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بن، ئەو تێبینییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیبووە تێبینیی جیدین و تایبەتن بە گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی."

"پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی گەورەیە لە گۆڕەپانی سیاسی و بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت، ئەوە واقعێکە کە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا درکیان پێکردووە، بۆ ئەوەی ئەو تێبینییانە بە هەند وەربگیرێن لە گفتوگۆداین لەگەڵ کۆمسیۆن، چونکە هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە بۆ نموونە بێبەشکردنی 400 هەزار دەنگدەر لە ناوچەکانی کوردستان، پێشێلکردنێکی دەستوورییە. هەنگاو هەیە بۆ ئەوەی داواکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ بکرێن" شاخەوان عەبدوڵا وای وت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێک بووە لە گفتوگۆی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان  لەگەڵ‌ تۆماس سیله‌ر، باڵیۆزی یه‌کێتی ئه‌ورووپا له‌ عێراق، سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت "هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ى شه‌رعيه‌ت و پڕۆسه‌ى ديموكراسى، گرنگ و پێويسته‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت."

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن 8ی ئەم مانگە تیروپشکی بۆ پێدانی ژمارە بە لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردن ئەنجامدا بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردەوامە لە ڕێکارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە 10-6-2024، لە کاتێکدا بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی لە پڕۆسەکە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە دوابخرێت.

پارتی پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.