نێچیرڤان بارزانی زەنگی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لێدا

17-04-2024 11:30

 پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبەستێتەوە بە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بەشداریی هەمووان، ئەوە لەکاتێکدایە 10-6 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی، باسی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کردو وتی، پوختەی قسەی ناودڵی خەڵکی کوردستان داواکردنی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانە.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی "گەلی کوردستان یەکگرتوەو پێویستە لایەنەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەندیی نیشتیمان ڕێککەون، بەوشێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین بە ڕەزامەندی و بەشداریی هەمووان".

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی زۆر گرنگە لە ناوچەکەدا و دەبێ بیپارێزن، حکومەتی هەرێمیش وڵاتێکی دوای ئەنفال و کیمیایی باران ئاوەدان کردووەتەوە دەبێ هەمووان پشتیوانی لێبکەن.

بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لە وادەی بڕیار لێدراوی خۆیدا ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە پڕۆسەکە دوابخرێت.

پارتی پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.