ئەردۆغان: دوای بەغداد، لەوانەیە سەردانی هەولێریش بكەم

17-04-2024 12:41

پەرەگراف

بڕیارە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆككۆماری توركیا بۆ بەغداد 22ـی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت. ئەردۆغان دەڵێت "لەوانەیە دوای بەغداد، سەردانی هەولێریش بكەم".

سەردانەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا ماوەیەی زۆرە ئامادەكاریی بۆ دەكرێت و بەر لەوە چەندین بەرپرسی باڵای دیكەی توركیا سەردانی بەغدادیان كردووە. چاوەڕوان دەكرێت ئەردۆغان چەندین دۆسیەی گرنگی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ‌ بكات، بە تایبەت دۆسیەكانی پەیوەست بە "وزە، ئاو، پەكەكە".

ئەردۆغان لەبارەی سەردانەكەوە ئەمڕۆ ڕایگەیاند "یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكان پرسی ئاو دەبێت. ئەوان (عێراق) چەند داواكارییەكیان لەبارەی ئاوەوە لێمان هەیە، كاری لەسەر دەكەین. ئەوان دەیانەوێت ئەم بابەتە چارەسەر بكەین و ئێمەش هەنگاوەكانمان بەو ئاراستەیە دەنێین".

بە قسەی ئەردۆغان، بەغداد "زۆر" گرنگی بەو سەردانەكە دەدات و دەشڵێت "پەیوەندییەكانی توركیا و عێراق دەگەیەنینە ئاستێكی دیكە".

سەرۆككۆماری توركیا ئاماژەی بەوە پرسی وزەش وەكوو تەوەرێكی سەردانەكە كرد و وتی "هەوڵ دەدەین باسی گازی سروشتی و نەوتیش بكەین".

سەبارەت بە سەردانكردنی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت هەولێر، ئەردۆغان دەڵێت "لە دوای سەردانەكەم بۆ بەغداد، لەوانەیە سەردانی هەولێریش بكەم و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ كۆببینەوە. هاوكارانم كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەن".

ئەردۆغان لە دوای بوون بە سەرۆككۆماری سەردانی عێراقی نەكردووە، بەڵام لە ساڵانی 2009 و 2011 كە سەرۆكوەزیرانی توركیا بوو، دوو جار سەردانی عێراقی كرد كە جاری یەكەمیان لە ڕۆژی 15-10-2009 بوو، تێیدا نزیكەی 50 ڕێككەوتننامە و یاداشت لە نێوان توركیا و عێراق واژوو كران. سەردانی دووەمیش لە 28-3-2011 بوو.

ئەردۆغان لە سەردانی دووەمیدا بۆ عێراق، سەردانی هەولێریشی كرد و یەكەم سەرۆكوەزیرانی توركیا بوو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا كە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبێت.