مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کۆدەبێتەوە

18-04-2024 05:02

پەرەگراف

مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە، ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە ئەنجامدان یاخود دواخستنی هەڵبژاردن نەکردووە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنی کۆمسیۆن و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

"لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی ئەو هەنگاوانە ئاڵوگۆڕ کرا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ناویەتی، و ئەو هەنگاوانەش کە پێویستە بگیردرێنەبەر لەپێناو گەرەنتیکردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد" بارەگای بارزانی وادەڵێت.

سەرباری نیگەرانیی و سووربوونی پارتی لەسەر بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکە، کۆمسیۆن بەردەوامە لە کارەکانی و بەپێی خشتەى کارى کۆمسیۆن 10ـى ئایار ڕۆژی دەستپێکردنی بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە و لە 6-6 کۆتایی دێت کە چوار ڕۆژ بەرلە هەڵبژاردن دەکات.

بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنەکە، سیناریۆی بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لە وادەی بڕیار لێدراوی خۆیدا(10-6-2024) ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە پڕۆسەکە دوابخرێت.

پارتی پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق  ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.