یەکێتی سوورە لەسەر هەڵبژاردن لە 10-6و دەڵێت: دەرفەتە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات

18-04-2024 05:11

پەرەگراف

سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوەو جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە 10-6-2024 و دەڵێت: "هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە تا ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بکرێت".

راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی:

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە و تەئکیدی لەسەر تەواوکردنی ئامادەکاری یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان لە وادەی خۆی لە رۆژی ١٠ ی ٦ی ٢٠٢٤ کردەوە.

سەرەتای کۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ(١٨-٤-٢٠٢٤) لە هۆڵی کۆبوونەوەکان لە سلێمانی بەرێوەچوو  سەرۆکی یەکێتی دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی کوردستان، عیراقی روونکردەوە و هەڵوەستەی لەسەر پێگەی روو لە گەشەکردووی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد و رایگەیاند ئەمە بەرئەنجامی یەک گوتاری و یەک دەستی سەرکردایەتی و راست و دروستی سیاسەتەکانی یەکێتییە کە بۆتە جێی ئومێدی میللەتەکەمان  و پشتیوانی دۆستانی ئەزموونەکەمان.

کۆبوونەوە گفتوگۆی هەمەلایەنە و تێرو تەسەلی لەسەر ئامادەکارییەکانی مەکتەبی هەڵبژاردن  و کاری  لیژنەکان کرد. هەروەک هەڵسەنگاندنی پێویستی  بۆ بەرنامە و گوتاری سیاسی یەکێتی لە کەمپینی  هەڵبژاردن لەسەرجەم شار وشارۆچکەکانی هەرێم ئەنجام د.

هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە تێر و تەسەلی بیر وڕای خۆیان خستەڕوو کە گەشەکردنی ئەزموونی نیشتمانییمان، پاراستن و بەهێزکردنی  قەوارەی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتیان تەنها لەرێی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەوادەی خۆیدا  دێتەدی  کە پەرلەمانێکی بەهێز و حکومەتێکی پتەو و خزمەتگوزار بێنێتە کایەوە، ئەوەش بۆ راستگۆیی بزوتنەوەی سیاسی و داهاتووی گەلەکەشمان گرنگە. بە تایبەتی کە هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە تا ئاڵوگۆڕی دیموکراتیانە لە دەسەڵات و نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسی بکرێت و  لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا بەسەربەرزیی و یەکریزییەوە پێداگری لەسەر ئیستحقاقە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەکانی خۆمان بکەین.