پشتیوان سادق: پارتی لە هەڵبژاردندا یەكەم دەبێت و هەر ئەویش حكومەت پێكدەهێنێت

18-04-2024 06:11
بەشداریى پشتیوان سادق لە دووەمین كۆنفرانسی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین

پەرەگراف

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایدەگەیەنێت "پارتی لە هەڵبژاردندا یەكەم دەبێت و هەر ئەویش حكومەت پێكدەهێنێت". جەختیش دەكاتەوە كە "هەڵبژاردن بەبێ‌ پارتی ناكرێت".

پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە كاتی بەشداری لە دووەمین كۆنفرانسی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، وتی "سێ‌ جاری دیكە كاتی هەڵبژاردن دیاری كراوە و پارتی سوور بوو لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام لە ترسی دۆڕاندن ڕێگەیان نەدا، تا گەیشتە ئەوەی دەستی دادگای فیدراڵییان هێنا بۆ دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن".

پشتیوان سادق جەختی كردەوە كە "ئێستاش پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە"، بەڵام بە قسەی ئەو "ئەو دەستوەردانەی كە دەیانەوێت بە كەیفی خۆیان كورسییەكانی هەڵبژاردن دابەش بكەن"، پارتى بەوە ڕازی نابێت.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات كە "لەم كابینەیەدا (كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم) ئێمە نۆ مانگ وەستاین بۆ ئەوەی حزبێكی دیكە (یەكێتی) بەشداری بكات، ئەوان ئێستا بیر لەوە دەكەنەوە بەبێ پارتی هەڵبژاردن بكرێت".

پشتیوان سادق ئاشكرای دەكات كە ئێستا سەرۆكی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردن و كێشەكانی بەردەمی گفتوگۆ لەگەڵ حزبەكان دەكات و دەشڵێت "90%ـی ئەو حیزبانەی كە لیستیان بۆ هەڵبژاردن پێشكەشی كۆمیسیۆن كردووە، پێیان وایە بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناكرێت".