عەتا سەراوی: تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەم بەرنامەبۆداڕێژراو بووە

19-04-2024 02:24

پەرەگراف

عەتا سەراوی ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بە "بەرنامەبۆداڕێژراو" ناو دەبات و دەڵێت "كارێكی ترسنۆكانەی ناجوامێرانە بوو". دەزگای ئاسایشی هەرێمیش ڕایگەیاند "ڕووداوەكە هیچ زیانیكی گیانیی لێ نەكەوتەوە".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلی عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتی، لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی تەقییەوە و هیچ زیانێكی گیانیی لێ‌ نەكەوتەوە، بەڵام چەند ئۆتۆمبێلێكی دیكەی دەوروبەریشی لە ڕووداوەكەدا زیانیان بەركەوت.

عەتا سەراوی لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز وردەكاریی ڕووداوەكەی خستەڕوو و وتی "دەوری سەعات 12 چووم بۆ چێشتخانەی ئاشنایەكمان بۆ نانخواردن. پاش سێ‌ بۆ چوار خولەك لە ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەكەم و چوونە ناو دوكانەكە، زرمەیەكی زۆر بەهێز هات، كە چووینە دەرەوە، بینیمان ئۆتۆمبێلەكەی من تەقیوەتەوە".

عەتا سەراوی پێی وایە ئۆتۆمبێلەكەی بە "بۆمبی تەوقیتكراو یان لە ڕێگەی كۆنترۆڵەوە" تەقێنراوەتەوە و دەڵێت "دیارە كارەكە بەرنامەبۆداڕێژراو بووە، بەڵام كارێكی ترسنۆكانەی ناجوامێرانە بوو".

هێزە ئەمنییەكان بە زوویی چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان دەست پێ‌ كردووە. دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "ڕۆژی 19-4-2024 كاتژمێر 12 لە گەڕەكی شەهیدانی سەرچنار، ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێك ڕووی دا و هیچ زیانیكی گیانیی لێ نەكەوتەوە".

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت "دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی هێزەكانی ئاسایش، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە و لە ئێستادا هێزەكانی ئاسایش لە شوێنی ڕووداوەكەن بەمەبەستی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە".