پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی لەسەر ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی پێشووی یەکێتی ڕایگەیاند، تێکدانی ئارامیی سلێمانی هێڵی سوورەو هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەو رووداوەوە بێت، بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پەیامێکدا دەڵێت "بە ئامانج گرتنی هەڤاڵ عەتا سەراوی، بە توندی ئیدانەی دەکەین. جەخت دەکەینەوە تێکدانی ئارامی و سەقامگیری سلێمانی هێڵی سورە و لە هیچ کەس و لایەنێکی قبوڵ ناکەین. هەموو هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و ئاشکراکردنی راستییەکان بۆ رای گشتی".
"لە نزیکەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکان دەکەم و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەم رووداوەوە بێت، بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە" وادەڵێت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلی عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتی، لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی تەقییەوە و هیچ زیانێكی گیانیی لێ نەكەوتەوە، بەڵام چەند ئۆتۆمبێلێكی دیكەی دەوروبەریشی لە ڕووداوەكەدا زیانیان بەركەوت.
دوای تەقینەوەکە عەتا سەراوی وردەكاریی ڕووداوەكەی خستەڕوو و وتی "دەوری سەعات 12 چووم بۆ چێشتخانەی ئاشنایەكمان بۆ نانخواردن. پاش سێ بۆ چوار خولەك لە ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەكەم و چوونە ناو دوكانەكە، زرمەیەكی زۆر بەهێز هات، كە چووینە دەرەوە، بینیمان ئۆتۆمبێلەكەی من تەقیوەتەوە".
عەتا سەراوی پێی وایە ئۆتۆمبێلەكەی بە "بۆمبی تەوقیتكراو یان لە ڕێگەی كۆنترۆڵەوە" تەقێنراوەتەوە و دەڵێت "دیارە كارەكە بەرنامەبۆداڕێژراو بووە، بەڵام كارێكی ترسنۆكانەی ناجوامێرانە بوو".
هێزە ئەمنییەكان بە زوویی چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان دەست پێ كردووە. دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "ڕۆژی 19-4-2024 كاتژمێر 12 لە گەڕەكی شەهیدانی سەرچنار، ڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێك ڕووی دا و هیچ زیانیكی گیانیی لێ نەكەوتەوە".
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت "دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی هێزەكانی ئاسایش، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە و لە ئێستادا هێزەكانی ئاسایش لە شوێنی ڕووداوەكەن بەمەبەستی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە".