قۆناغی یەكەمی گفتوگۆی یەكڕیزیی كورد لە ڕۆژاڤا بە سەركەوتوویی كۆتایی هات

17-06-2020 01:37
شاندی هەردوولایەنی گفتوگۆ لەگەڵ مەزڵوم كۆبانێ‌و نوێنەری ئەمریكا لەكاتی خوێندنەوەی بەیاننامەی كۆتایی قۆناغی یەكەمی گفتوگۆكان

پەرەگراف

لایەنەكانی ڕۆژاڤای كوردستان قۆناغی یەكەمی گفتوگۆكانیان كۆتایی پێهێنا كە لە پێناو یەكڕیزیی‌و گەیشتنە ڕێككەوتنێكی گشتگیر بە سەرپەرشتی ئەمریكاو مەزڵوم كۆبانێ دەستیان پێكردووە، لەو قۆناغەدا گەیشتوونەتە تێڕوانینێكی هاوبەش‌و لێكتێگەیشتنی سەرەتایی.

گفتوگۆكان لە نێوان ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا(ئەنەكەسە)‌و پارتەكانی یەكێتی نیشتیمانی كورد(پەیەدەو هاوپەیمانەكانی) ئەنجام دران، بە سەرپەرشتی ئەمریكاو مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)‌و ڕۆڵی ئەرێنیی بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان‌و پشتیوانیی دەوڵەتی فەڕەنسا.

بەپێی بەیاننامەیەكی هەردوولایەنی گفتوگۆ كە ئەمڕۆ بڵاویانكردەوە، ڕێككەوتننامەی ساڵی ٢٠١٤ی دهۆكی نێوانیان كراوەتە بنەمای گفتوگۆكانیان.

ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت "لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ئەنەكەسە و پارتەكانی یەكێتی نیشتیمانی كورد لە شاری حەسەكە قۆناغی یەكەمی گفتوگۆكانیان لەپیناو یەكڕیزی كورد كۆتایی پێهێناو هەردوولا گەیشتنە تێڕوانینێكی سیاسی هاوبەش و پابەند و لێكتێگەیشتنی سەرەتایی، لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی ٢٠١٤ی دهۆك لەبارەی بەڕێوەبردنی هاوبەش لە ئیدارە و پاراستنی ئەمن لەسەربنەمای گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هەردوولا، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر لە ئایندەیەكی نزیكدا".

لە گفتوگۆكاندا شاندی هەردوولا جەختیان لە گرنگی هاوكاری و یەكڕیزیی كورد لە سوریا و پاراستنی دەستەكەوتەكان كردەوە، كە هەنگاوێكی مێژوویی گرنگ بووە بۆ لێكتێگەیشتنی گەورە و هاوكاری ڕاستەوخۆ كە گەلی كورد لە سوریا و سورییەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە سودمەندبوون لێی، پێداگریشیان لەسەر ئەوە كردەوە كارەكانیان وەفایەكە بۆ قوربانیدانی كوڕان و كچانی سوریا بەتایبەت شەهید و بریندارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و خێزانەكانیان كە بە گیانی خۆیان قوربانییان لەو ڕێگایەدا بەخشی بۆ پاراستنی جیهان لە دژی داگیركارییەكانی داعش.

هەردوولایەن لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكەیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە، ئەم لێكتێگەیشتنانە یەكەمین هەنگاوی گرنگە كە بە سەرپەرشتی ولیام ڕوباك یاریدەدەری جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نیودەوڵەتی‌و مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە بەردەوام دەبن، شاندی هەردوولا سوپاسی ئەمریكاو مەزڵوم كۆبانێیان كرد لەسەر ئەو دەستپێشخەرییە بۆ یەكگرتنی كورد لە سوریا، هەروەها سوپاسی مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانییان كرد بۆ پاڵپشتییەكانیان لە پێناو یەكڕیزیی كورد.

لە دوای ساڵی 2011 و دەستپێكردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی سوریا كە دواتر بۆ شەڕێكی هەمەلایەنی ناوخۆیی و هەرێمیی گۆڕدرا، هێزە كوردییەكان لەڕێی ڕێكخستنەوە پتەوبوون و توانییان سەرجەم ناوچە كوردییەكان بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و سوپای سوریا بەتەواوی لەو ناوچانە كشایەوە. دوای بەستنی هاوپەیمانێتییەكیش لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانان، هێزە كوردییەكان توانییان داعش بەتەواوی تێكبشكێنن و سنووری دەسەڵاتیان بۆ شارە عەرەبنشینە گەورەكانی وەك ڕەققە و دێرەزوور فراوان بكەن. بەڵام كوردانی ڕۆژاڤا لەناوخۆیاندا یەكگرتوو نەبوون‌و ناكۆكی قووڵ لە نێوان پەیەدە كە پارتی دەسەڵاتدارە لە ڕۆژاڤا لەگەڵ ئەنەكەسەدا هەبوو كە زیاتر هێزو چالاكییەكانی لە هەرێمی كوردستان بووە.