فراکسیۆنی یەکگرتوو: کێشەی مووچە بە دڵنیاییەوە دووبارە نابێتەوە

20-04-2024 02:47

پەرەگراف

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، سەردانی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵییان کردووە لەسەر دۆسیەی مووچەی هەرێم و دەڵێن، کێشەی مووچە بە دڵنیاییەوە دووبارە نابێتەوەو سەرۆکی دادگا دەڵێت بڕیارەکەیان ڕوونەو تەوتینی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان دەبێت.

موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "سەرۆکی دادگای فیدراڵی وتی بڕیارەکەی دادگا ڕوونە دەبێت مووچە لە بانکێکی فیدراڵی بە ناوی چواریی و پلەو جۆری وەزیفە جێگیر بکرێت، دوای ئەوە لە چ بانکێک مووچەکەی وەردەگرێت ئازادە".

"بە سەرۆکی دادگای فیدراڵیم وت، نوێژەکانت بکەی و توشی تاوانی گەورە نەبیت، بە کەوش و کڵاشەوە دەچیتە بەھەشت بۆ ئەو بڕیارەی دات لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دڵی مووچەخۆرانت خۆشکرد" موسەنا ئەمین وای وت.

لەبارەی سێ مووچە نەدراوەکەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو، سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئەوەی خستووەتەڕوو، بابەتی ئەو سێ موچەیە لە تایبەتمەندی کاری دادگاکەیان نییە.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی مووچەی هەرێم و گەیشتنە ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە، مووچەخۆرانی هەرێم لە ماوەی ٨ ڕۆژدا دوو مووچەی مانگەکانی شوبات و ئازاری ئەمساڵیان وەرگرت، ئەوەش بۆ یەکەمجارە ڕوودات کە دوو مووچە لە ماوەیەکی هێندە نزیک لە یەکدا دابەش بکرێت و بازاڕەکانی هەڕیم بووژانەوەیان پێوەدیارە، بڕیاریشە بەرلە کۆتایی ئەم مانگە مووچەی مانگی نیسان لە بەغداوە ڕەوانە بکرێت و ڕاستەوخۆ دابەش بکرێت.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ئەگەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و بودجە چارەسەرنەبن نابێت ئەوە ببێتەهۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، هاوکات مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە هەژماری بانکی لە بانکە فیدراڵییەکان بکەنەوەو مانگانە مووچەکانیان بخرێتەسەر هەژمارەکانیان تا ئەوکاتەیش دەتوانن بە کاش مووچەکانیان وەربگرن.

هەربەپێی بڕیارەکە، وەزارەتەکانی هەرێم دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای موچە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم. (هەرێمی کوردستان ئەم خاڵە وەک لێدان لە پێگەو سەروەریی وەزارەتی دارایی و هەرێم تەماشا دەکات).