وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی ڕەوانەی بەغداد كرد

21-04-2024 06:58

پەرەگراف

دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار لە عێراق دەستی پێ‌ كرد و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش لیستی مووچەی ڕەوانەی بەغداد كرد. سەرچاوەیەك دەڵێت "چاوەڕوان دەكرێت مانگی داهاتوو لیستی مووچەی فەرمانبەران بە پلەبەرزكردنەوەوە ڕەوانەی بەغداد بكرێت".

ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغداد كرا".

وەزارەتەكە دەڵێت، لیستەكە ڕۆژی یەكشەممە 21-4-2024 ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی كرا و "بڕیارە دوای وردبینیكردنی لیستەكان، تەمویلی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت".

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی نیسان دەستی پێ كرد و "فەرمانگەی ژمێریاری ڕێكارەكانی پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكانی دەست پێ‌ كردووە".

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لەسەر داوای وەزارەتی دارایی هەرێم، لیستی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەلایەن وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەكانەوە ئامادە كراوە، بەڵام بۆ مانگی چوار لیستی مووچە بەبێ‌ پلەبەرزكردنەوە ڕەوانە كراوە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "چاوەڕوان دەكرێت بۆ مانگی پێنج هەموو كارەكانی لیستی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران تەواو ببێت و وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچە بە پلەبەرزكردنەوەوە ڕەوانەی بەغداد بكات، ئەگەەر هیچ كێشە و ڕێگرییەك دروست نەبێت".

سەبارەت بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، پێشتر ڕایگەیاند كە "ئەو بابەتە پەیوەندیی بە حكومەتی فیدراڵییەوە نییە، بەڵكوو ئەوە كاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە".

نزیكەی دە ساڵە حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاگرتووە. سەرەتا پاساوی بڕیارەكە قەیرانی دارایی بوو، بەڵام تا ئێستا ئەو مافە بۆ فەرمانبەران نەگەڕێندراوەتەوە.

لە سەرەتاكانی ساڵی 2023دا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەستی بە ڕێكارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە كرد، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی بۆ دەستنیشانكردنی گرفتەكانی جێبەجێكردنی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٢ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و هەژماركردنی خزمەتیان لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، پێك هێنا، بەڵام پرۆسەكە زۆر بە سستی بەڕێوە دەچوو و بەشێكی زۆر كەمی تەواو كرا.