ئاسایشی سلێمانی ڕێگری لە چالاكییەك دژی سەردانەكەی ئەردۆغان دەكات

22-04-2024 04:38

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی لە ڕێگەی بڵاوەپێكردنی هێز و "دەستبەسەركردن و هەڕەشە"وە، ڕێگری دەكات لە ‏چالاكییەك دژی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ هەرێمی كوردستان و چەند چالاك و ڕۆژنامەنووسێكیش ‏بەشێوەیەكی كاتی دەستبەسەر دەكات. ڕێكخەرانی چالاكییەكە دەڵێن "ئەم جۆرە ڕێگرییانە لە ‏سلێمانی، دیوێكی تری پێشوازی و هەڵواسینی ئاڵای توركیایە لە هەولێر".‏

كاتژمێر 1ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی گەورەی ئاسایشی سلێمانی لە دەوروبەری نووسینگەی ‏سلێمانیی پەرلەمانی عێراق بڵاوەی پێ‌ كرا، بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە چالاكیی ژمارەیەك لە ‏چالاكوان، ڕۆشنبیر و پەرلەمانتارانی پێشوو، كە دەیانویست یاداشتێكی ناڕەزایەتی دژی سەردانەكەی ‏ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمان ‏بخوێننەوە.‏

یەكێك لە چالاكوانان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو هێزە ئاسایش كە لەوێ‌ بڵاوەی پێ‌ كرابوو، ‏ڕێگرییان كرد لە ئەنجامدانی چالاكییەكە، هەرچەندە ئێمە هەوڵی تەواوی خۆمان دا و قسەمان لەگەڵ ‏كردن، بەڵام ئەوان بە تووڕەبوون و پاڵنان و هەڕەشەی دەستگیركردن ڕێگرییان كرد".‏

بەهۆی هەوڵدانیان بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە، هەریەك لە شوان محەمەد، ڕۆژنامەنووس و ستارە ‏عارف و پەروا عەلی، چالاكوان و پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەن ئەو ‏هێزەوە خرانە ئۆتۆمبێلی دەستگیركردنی ئاسایشەوە و بۆ ماوەیەك لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا هێڵدرانەوە، ‏دواتر لە شوێنێكی دوور لە شوێنی چالاكییە ئازاد كران.‏

ڕێكخەرانی چالاكییەكەكە كە لەژێر ناوی (دەستەی پارێزگاری لە سەروەریی نیشتمان) كۆبوونەتەوە، ‏لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە هاوكات لەگەڵ ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی، هێزە ‏ئەمنییەكانی سلێمانی ڕێگرییان كردووە لەوەی یاداشتێك ئاڕاستەی ئۆفیسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ‏عێراق لە سلێمانی بكەن.‏

بەپێی راگەیەندراوی دەستەكە، یاداشتەكە پەیوەست بووە بە "پێشێلكاری و تاوانی سوپای توركیا لە ‏بەزاندنی سنوور و داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان و بۆمبارانكردنی شاخ و گوند و ‏دارستانەكانی هەرێمی كوردستان، كوشتنی خەڵكی سڤیل لە گوند و شارۆچكەكانی كوردستان، ‏مەترسیی فراوانبوونی ئەو داگیركارییانە لە پاش هاتنی سەرۆككۆماری توركیا بۆ عێراق و هەرێمی ‏كوردستان".‏

دەستەی پارێزگاری لە سەروەریی نیشتمان دەڵێت "ئەم جۆرە ڕێگرییانە دیوێكی تری پێشوازی و ‏هەڵواسینی ئاڵای توركیایە لە هەولێر و ڕێگەخۆشكەرە بۆ بەردەوامیی پێشێلكاری و هێرشەكانی ‏سوپای توركیا".‏