گفتوگۆکانی سوودانی و ئەردۆغان نابنەهۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

22-04-2024 07:33
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی عێراق و تورکیا لە بەغداد بە سەرۆکایەتی سوودانی و ئەردۆغان

پەرەگراف

دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان بەشێک بوو لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆی ئەردۆغان و سوودانی لە بەغدادو هەفتەی ڕابردووی سوودانی لە واشنتن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام هیچیان نەبوونەهۆی توانەوەی بەستەڵەکەکەو هەناردەکردنەوەی نەوت کە زیاتر لە ساڵێکە ڕاگیراوەو زیانی زیاتر لە 15 ملیار دۆلاری بە ئابوریی عێراق گەیاندووەو پشکی شێری بەر هەرێم کەوتووە.

باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق، ئەمڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا تیشکی خستەسەر ئەو پرسانەی لەگەل سەرۆککۆماری تورکیا تاوتوێ کراون کە هەناردەکردنەوەی نەوتیش بەشێک بووە لە گفتوگۆکان و وتی، تورکیا ئامادەیە لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە نەوتی عێراق بنێرێتە بازاڕەکانی جیهان و هیچ کێشەیەک لەو لایەنەوە نەماوە.

وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق وتیشی، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کاتی زیاتری پێویستەو ئاماژەی بە چارەسەرنەبوونی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان کرد.

کۆمپانیا نەوتییەکان دەیانەوێت بەپێی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەوت بەرهەم بهێنن و هەناردە بکرێت، بەڵام عێراق سوورەلەسەر گۆڕانکاریی لە گرێبەستەکان، سەرەکیترین بەربەستیش پارەی بەرهەمهێنانی نەوتە کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی کۆمپانیاکان داوای دەکەن بۆ هەر بەرمیلێک و ئەوەی بەغداد دەیەوێت پێیانبدات، هاوکات شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کێشەیەکی دیکەیە کە یەک ملیار دۆلارەو لای حکومەتی هەرێمە، بەغداد ئامادە نییە ئەو قەرزە بۆ هەرێم بداتەوە، کۆمپانیاکانیش دەڵێن، بەبێ دڵنیایی و گرەنتی پێدانەوەی ئەو قەرزە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم دەستپێناکەنەوە.

دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی گفتوگۆکانی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو لە واشنتن لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی ئەمەریکاو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لایەنی ئەمەریکی بە گرنگییەوە باسی ئەو پرسەیان کردو داوایان کرد هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکرێتەوە و ‏بەربەستەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە چارەسەر بکرێن.

دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم و داخرانی بۆریی نەوتی نێوان هەرێم و تورکیا لە کاتێکدایە، عێراق بۆریی نەوتیی تایبەت بەخۆی نۆژەنکردووەتەوەو دەتوانێت نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکات، بەمنزیکانە ئەو هەنگاوە دەنێت و لە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان دوور دەکەوێتەوە.

بۆرییەكەی عێراق زیاتر لە 10 ساڵە لەكار كەوتووە و نەوتی پێدا هەناردە نەكراوە، ‏بەگەڕخستنەوەی دەبێتە ڕكابەرێكی بەهێز بۆ بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان - توركیا، كە ‏بەرپرسانی هەرێم چاویان لەوەیە بۆرییەكەیان لەلایەن عێراقەوە بۆ هەناردەی نەوت پشتی ‏پێ‌ ببەسترێت.‏ هەرلەو چوارچێوەیەدا عێراق داوایەكی هەرێمی كوردستانی ڕەتکردووەتەوە بۆ پێدانی ‏شەش دۆلار بە كۆمپانیای ‏ڕووسنەفتی ڕووسی كە یەكێكە لە خاوەنەكانی بۆریی نەوتی هەرێم وەك كرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا.

پێشتر عێراق نەوتی كەركووكی لە ڕێگەی بۆرییەكەی خۆیەوە هەناردە دەكرد، بەڵام بە ‏هاتنی داعش لە 2014 بۆرییەكە لەكار كەوت، پاش كۆنترۆڵكردنی كەركوویش لەلایەن ‏پێشمەرگەوە، كێڵگە نەوتییەكان كەوتنە دەستی هەرێم و نەوتی كەركووك لەڕێگەی بۆریی ‏نەوتی هەرێمی كوردستان - توركیاوە هەناردە كرا، تا لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 عێراق ‏گەڕایەوە كەركووك و كۆنترۆڵی كێڵگە نەوتییەكانی جگە لە خورمەڵە، گرتەوە دەست.‏

عێراق ماوەیەك نەوتی كەركووكی لەڕێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە كرد تا ‏دواجار لە 25ـی ئاداری 2023 لەگەڵ هەناردەی نەوتی هەرێمدا هەناردەی نەوتی ‏كەركوویش ڕاگیرا.‏