مووچەی پلە تایبەتەكان كەمدەكرێتەوەو فەرمانبەرانی ئاسایی پارێزراو دەبن

17-06-2020 06:11
مەسرور بارزانی بە ئۆنلاین سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد

پەرەگراف

حکومەتی ھەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا گفتوگۆی كرد دەربارەی رێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو توانا و بودجەیە کرد کەئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریدایە، بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە، تەئکیدیش لە کەمکردنەوەیمووچەی پلە تایبەتەکان دەکاتەوە.

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/6/17 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وبەشداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ  ئەو توانا و بودجەیە کرا کە ئێستا لە بەردەستیوەزارەتی دارایی وئابووریدایە، بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە. ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەبەردەوامبوونی کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریانلەسەردرا. لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکانیش تا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی 15% درێژبکرێتەوە تاوەکو 2020/9/1.

لە  بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی  تاوتوێ کرا و بڕیاردرا، هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەت بۆدرێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا بکات بە ئاراستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆدابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.