ئەردۆغان لەبارەی دۆسیەی پەكەكە داوای چیی لە عێراق و هەرێم كرد و چیی دەست ‏كەوت؟

23-04-2024 03:46

پەرەگراف

سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا ئاشكرای دەكات كە ئەردۆغان لە كۆبوونەوەكەی شەوی ‏ڕابردوودا بە بەرپرسانی هەرێمی ڕاگەیاندووە "ئیتر كاتی ئەوە هاتووە شتێك بە ناوی ‏دۆسیەی پەكەكە نەمێنێت". هەروەها داوای لێكردوون بۆ كارێكی لەو شێوەیە "ئاستی ‏هاوكارییەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" لەگەڵ توركیا بەرز بكەنەوە. بەپێی ‏ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش، "پاراستنی ئاسایشی سنوور و ‏بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دوو تەوەری كۆبوونەوەكە بوون.‏

دۆسیەی پەكەكە لە سەرەكیترین دۆسیەكانی سەردانەكەی دوێنێی ئەردۆغان بۆ بەغداد و ‏هەولێر بوو، بە جۆرێك كە حكومەتی عێراقیش هەڵوێستێكی نوێی لەبارەوە ڕاگەیاند و ‏ئەردۆغانیش لەوبارەیەوە سوپاسی عێراقی كرد.‏

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە ‏كۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی نێوان بەرپرسانی هەرێم و شاندی توركیا بەسەرۆكایەتیی ‏ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "لە دیدارەكەدا سەركۆمار ئەردۆغان ‏وێڕای ئاماژەدان بە خۆشحاڵیی خۆی لە هەمبەر دووركەوتنەوەی عێراق لە ‏توندوتیژییەكان، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئیتر كاتی ئەوە هاتووە شتێك بە ناوی دۆسیەی ‏پەكەكە نەمێنێت".‏

سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەش كردووە كە وڵاتەكەی گرنگی بە ‏‏"هاوكارییەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دەدات و داواش لە هەرێم دەكات كە "ئاستی ئەو ‏هاوكارییانە بەرز بكرێتەوە".‏

كاتژمێر 8:30 خولەكی شەوی ڕابردوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ‏پاش سەردانەكەی بۆ بەغداد، گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم ‏و مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ‏حكومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە وەزیرەكان پێشوازیی لێ‌ كرا. دواتریش كۆبوونەوەیەكی ‏فراوانی هەردوولا لە سەرۆكایەتیی هەرێم بەڕێوە چوو.‏

سەبارەت بە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ‏ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان ‏بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانی و هاریكاریی ئەمنیدا، هەروەها پاراستنی ئاسایشی ‏سنوور و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ كران".‏

نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا "خواست"ـی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە ‏پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری توركیا لە "هەموو بوارەكان"دا دەربڕیوە و دووپاتی ‏كردووەتەوە كە "هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لە ناوچەكە فاكتەری ئارامی و ‏سەقامگیری دەبێت".‏

دوێنێ‌ لە كاتێكدا سەرۆككۆماری توركیا و سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەدا بوون، ‏باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا و تێیدا ‏پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـی بە "ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو" ناو برد.‏

وتەبێژی حكومەتی عێراق لە پەراوێزی سەردانەكەی شاندی باڵای توركیا بۆ بەغدا، بۆ ‏میدیاكان وتی "لیژنەی ئاسایشی عێراق، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـی وەكوو ‏ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو پۆلێن كردووە و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ پەكەكەدا ‏دەكرێت".‏

باسم عەوادی جەختی كردەوە كە لیژنە هاوبەشە ئەمنییەكانی نێوان عێراق و توركیا و ‏دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەردوولا، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە "پەكەكە ڕێكخراوێكی ‏قەدەغەكراوە و دەبێت تەنیا وەكوو میوان و پەنابەری سیاسی لە عێراقدا بێت، نابێت ‏چالاكی بەرانبەر توركیا ئەنجام بدات".‏

وتەبێژی حكومەتی عێرا ئاماژەی بەوە كرد كە هەر وەكوو چۆن پێشتر لەگەڵ ئێران ‏ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنیان لەبارەی ڕێكارە ئەمنییەكانی سەر سنوورەوە كردووە، هەمان ‏شت لەگەڵ توركیاش دەكەن، بەڵام بۆ ئەوە پێویستیان بە ماوەیەك هەیە.‏

دوای قسەكانی باسم عەوادی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە كۆنگرەی ‏ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ سوودانی وتی "بە سوپاسەوە پێشوازی لە ناساندنی پەكەكە ‏وەكوو ڕێكخراوی قەدەغەكراو لەلایەن عێراقەوە دەكەین". ئەردۆغان وتیشی "باوەڕی ‏بەهێزم هەیە كە ئەگەر بە فەرمی بە تیرۆریست بناسرێت، لە كەمترین ماوەدا لە خاكی ‏عێراق نامێنێت و ئەمەم بە هاوتاكەم ڕاگەیاند".‏

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕاستەوخۆ باسی لە دۆسیەی پەكەكە نەكرد، ‏بەڵام جەختی كردەوە كە "ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی ڕێگە بە هیچ هێزێك نەدەین خاكی ‏عێراق لە دژی وڵاتانی دراوسێ بەكار بهێنێت، هەروەك چۆن خاكی خۆمان بە پیرۆز دەزانین ‏و ڕێگە نادەین پێشێلی سەروەریی خاكمان بكرێت".‏

توركیا لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵەكانی چڕ كردەوە بۆ ئەوەی پەكەكە لەلایەن عێراقەوە بە ‏‏"ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" بناسێنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق نەچووەتە ژێر باری وەها ‏بڕیارێك و دیارترین بڕیار كە دژی پەكەكە دابێتی، ئەم بڕیارە نوێیەیە كە وەكوو ‏‏"ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو" ناساندوویەتی. هەرچەندە ئەم بڕیارە لە ئاستی چاوەڕوانیی ‏توركیادا نییە، بەڵام ڕەنگە ئەنقەرە لە دۆسیەی پەكەكەدا دەستكراوەتر بكات.‏