دڵشاد شەهاب: دەبێت زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان بكرێت

24-04-2024 02:25

پەرەگراف

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ‏دەڵێت "سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە ‏پەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و دەبێت ‏زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت".‏

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی ‏هەڵبژاردن ناكات، لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەوڵی ‏ڕازیكردنی لایەنەكان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زیاتر بۆ ‏دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا شاندی ‏سەرۆكایەتیی هەرێم سەردانی لایەنەكان دەكات.

ئەمڕۆ شاندی سەرۆكایەتیی هەرێم سەردانی بەرەی توركمانی ‏كرد و دوای كۆبوونەوەكە دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە كرد، ‏ناكۆكییە ساسییەكان گورزی یاسایی و سیاسییان لە هەرێمی ‏كوردستان داوە، ناكۆكییەكانی یاسای هەڵبژاردنیش بە هەمان ‏شێوە زیانی بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە.‏

وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی كورسیی ‏كۆتاكان و بەشداریكردنییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان، وتی "هەموو هەوڵێك دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ‏پێكهاتەكان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییدا بكەن و ‏بەشدارییەكی كاریگەریان هەبێت".‏