دوایین زانیاری دەربارەی ناسنامەی ئەو پێنج كۆچبەرەی لە كەناڵی ئینگلیزدا خنكان

25-04-2024 02:35
وێنەیەکى کۆچبەران کە لەناویاندا ژمارەیەک کورد هەن، بە بەلەمێک لە فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا دەڕۆن. وێنە: فازڵ هەورامی/ مانگی 2ی 2023

پەرەگراف

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕەتی دەكاتەوە تا ئێستا وردەكاریی ناسنامەی ئەو كۆچبەرانە ئاشكرا كرابێت كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەیان لە كەناڵی ئینگلیزدا خنكان. دەزگاكە دەڵێت "هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە كە كۆچبەری كورد لەناو خنكاوەكاندا بێت".

ئەمە لەكاتێكدایە كە هەندێك سەرچاوە ناسنامەی كچە كۆچبەرێكی كوردی خەڵكی قەڵادزێیان بڵاو كردووەتەوە و دەڵێن "تەمەنی 24 ساڵە و لەو ڕووداوەدا خنكاوە".

بەرە بەیانی ڕۆژی سێشەممە 23-4-2024، بەلەمێكی كۆچبەران لە كەناڵی ئینگلیز ژێرئاو كەوت. دەزگای لوتكە دەڵێت "بەپێی تازەترین ئامار، بەلەمەكە 112 كۆچبەری هەڵگرتووە، بەهۆی زۆریی كۆچبەرەكانەوە ژێرئاو كەوتووە".

ئەو كۆچبەرانە كە لە فەرەنساوە بەڕێ‌ كەوتوون، هەوڵیان داوە لە كەناڵی ئینگلیزەوە بچنە بەریتانیا.

دەزگای لوتكە دەڵێت "ئەو كۆچبەرانەی كە خنكاون، كچێكی تەمەن حەوت ساڵان، سێ‌ كەسی تەمەن 31 و 22 و 19 ساڵ و هاووڵاتییەكی سویدیی تەمەن 22 ساڵن".

ماردین حەمید، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی دەزگای لوتكە، بە پەرەگرافی وت "تا ئێستا پۆلیسی فەرەنسا وردەكاریی ناسنامەی كۆچبەرە خنكاوەكانی ئاشكرا نەكردووە و زانیارییەكان هەر ئەوەندەن كە ئێمە بڵاومان كردوونەتەوە".

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەبوونی كچە كۆچبەرێكی تەمەن 24 ساڵی كورد لەناو كۆچبەرە خنكاوەكاندا، ماردین حەمید وتی "هیچ كام لەو كۆچبەرانەی كە خنكاون تەمەنیان 24 ساڵ نییە و تا ئێستایش كەسوكاری هیچ كۆچبەرێكی كوردیش پەیوەندیی بە ئێمەوە نەكردووە كە بڵێت كەسیان لەناو ئەو بەلەمەدا بووە".

پۆلیسی فەرەنسا سێ‌ كەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی و ئاسانكاری بۆ ئەو كۆچبەرانە و ناردنیان بۆ بەریتانیا دەستگیر كردووە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.