لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە شارەزوو ژن و مێردێک گیانیان لەدەستدا

26-04-2024 03:59
ڕووداوەکەی ئەمڕۆی شارەزوور

پەرەگراف

ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای زەڕایەن-دەربەندیخان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت ڕوویدا، 2 کەس گیانیان لەدەست دا کە هاوسەری یەکترن و 2 کەسی دیکەش بریندابوون.

نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە شارەزوور ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ ڕووی دا و دوو هاوڵاتی کە هاوسەری یەکترن گیانیان لە دەست دا و دوو هاوڵاتی تریش بەسەختی برینداربوون.

یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ڕەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.

هەر ئەمڕۆ لە قەزای دوکان ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ ڕوویداو بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلداو 25 کەس بریندار بوون.

عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بە پەرەگرافی وت: دوائاماری ڕووداوە هاتوچۆکەی قەزای دووکان، 25 بریندار هەیە و 2 بریندار بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون، پێنج بریندار لە نەخۆشخانەی شەهید غەریب لە دووکان لەژێر چاودێریدان 18 برینداریش ڕەوانەی ماڵەوە کراون.

عەمید ئاسۆ وتیشی: 17 ئۆتۆمبێل زیانی بەرکەوتووە، شۆفێری بارهەڵگرەکە هاوڵاتیەکی خەڵکی بەغدادە و لە ئێستادا دەستبەسەرە لەبنکەی پۆلیسی دووکان.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد لە ئێستادا شەقامەکە کۆنترۆڵکراووە و هاتوچۆ ئاسایی بوەتەوە و ڕێگاکان پاککراوەتەوە.

بارهەڵگرەکە زیانی ماددی زۆری بە ئۆتۆمبێلەکان گەیاندووەو هاتووچۆی دوکان دەڵێت "شۆفێری بارهەڵگرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە".