لە هێرشە درۆنییەکەی کێڵگەی کۆرمۆر سێ کەس کوژراون و چەند بریندارێک هەن

26-04-2024 08:07

 پەرەگراف

ڕەمک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ بە پەرەگرافی وت: "هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بە دوو درۆن ئەنجامدراوەو بەهۆیەوە سێ کارمەندی کێڵگەکە گیانیان لەدەستداوەو چوار برینداریش هەن".

قائیمقامی چەمچەماڵ وتیشی: "کەسێکی دیکەش دڵی وەستاوە و لەئێستادا بوژانەوەی دڵی بۆ دەکرێت بۆئەوەی ژیانی بۆ بگەڕێنرێتەوە".

کەمێک دواتر ڕەمک ڕەمەزان بە پەرەگرافی وت "ئەو کەسەش گیانی لەدەستدا". 

پێشتر سەرچاوەیەک لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، کاتژمێر ٦:٤٠ ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە چەمچەماڵ، وتیشی "هێرشەکە بە درۆن بووەو لەئاسماندا بینراوە، هاوکات دوو دەنگی زۆر گەورە بیستراوەو دوو هاوڵاتی بریندارن و ئاگر لە شوێنی ڕووداوەکە کەوتۆتەوە".

هەریەکە لە وەزارەتی (کارەباو سامانە سروشتییەکان) لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن: "ئاگاداری هاوبەشانی كارەبا دەکەینەوە بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوەو بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە. ستافی هەردوو وەزارەتی کارەباو سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکەو دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا".

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

کۆرمۆر لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک ھێرشی کراوەتەسەرو زیانی ماددی و ئاگرکەوتنەوەی بەدواوە بووە، ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون.