وڵاتانی ناوچەكە و جیهان ئیدانەی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر دەكەن؛ دوای 24 كاتژمێر هیچ وەزیرێکى هەرێم نەچووەتە شوێنی هێرشەكە

27-04-2024 08:26

پەرەگراف

پاش 24 كاتژمێر لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر، هیچ وەزیر و بەرپرسێکى باڵاى حکومەتی هەرێم نەچووەتە شوێنی ڕووداوەكە و شاندێكی ئەمنیی عێراق بە بێدەنگی سەردانی شوێنەكەی كردووە. هێرشەكەی ئەم جارە كە قوربانیی لێ‌ كەوتووەتەوە، كەس خۆی لێ‌ ناكات بە خاوەن و هەرێم و بەغدادیش هێشتا هیچ لایەنێكیان بە ئەنجامدانی تۆمەتبار نەكردووە. ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزی جیهان ئیدانەی دەكەن.

تا ئێستا هەریەك لە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، ئەمریكا، فەرەنسا، بەریتانیا، یەمەن و ئیمارات ئیدانەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆریان كردووە. داوای لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردن و سزادانی ئەنجامدەرانی دەكرێت.

كاتژمێر 6:40 خولەكی ئێوارەی دوێنێ‌ هەینی، بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كەمپی كێڵگەی گازی كۆركۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست دا و دوانی دیكە بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داوە، چوار خەبیری یەمەنی بوون كە تەمەنیان لە نێوان 38 بۆ 46 ساڵدا بووە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند "لەسەر ڕێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لەو هێرشە تێكدەرانەی كە ڕۆژی هەینی لە ڕێگەی درۆنەوە كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە شارۆچكەی قادركەرەم لە پارێزگای سلێمانی".

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی هاوێشەی ڕاگەیەندراوەكانی لە هێرشەكانی پێشوودا، هێرشەكە بە "دوژمنكاری و تاوانكاری" ناو دەبات و دەڵێت "جەخت دەكەینەوە كە دەستدرێژیكاران سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن".

بڕیار بوو ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، سەردانی شوێنی هێرشەكە بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف تا ئێستا شاندەكە نەڕۆیشتووە، بەڵام شاندێكی ئەمنیی عێراق سەردانی شوێنی ڕووداوەكەی كردووە.

كاردانەوەكان لە بەرانبەر هێرشەكە بەردەوامن و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق سەرەڕای ئیدانەكردن، دەڵێت "پێشوازی لە لێكۆڵینەوە دەكەین بۆ دەستنیشانكردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكە و دادگاییكردنیان".

هەروەها ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ئیدانەی هێرشەكە دەكات و دەڵێت "ئەم هێرشە هەوڵێكی قبووڵنەكراوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و ئابووری لە ڕێگەی توندووتیژییەوە".

باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق سەركۆنەی هێرشەكەی دوێنێی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەكات كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار كەس.

باڵیۆزخانەكەی فەرەنسا لە عێراقیش جگە لە ئیدانەكردن، دەڵێت "فەرەنسا هاوسۆزیی خۆی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەردەبڕێت و ئاماژە بە ڕێزگرتن لە سەرجەم ژێرخانی وزە دەكات كە لە بەرژەوەندیی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی عێراق دان".

وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتیش لە ڕاگەیەندراوێكدا "ئیدانەی توند"ـی هێرشەكە دەكات و بە "تیرۆریستی" ناوی دەبات. هەروەها دەڵێت "هێرشەكە پێشێلكارییەكی ئاشكرای بنەماكانی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و ئیمارات ئیدانە و دژایەتیی تووندی هەر هێرشێكی تیرۆریستیش دەكات كە ئامانج لێی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش بێت لە عێراقی برا".

وڵاتی یەمەنیش كە چوار هاووڵاتیی لە هێرشەكەدا كوژاون، لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە "ئیدانەی توند"ـی كردووە و دەڵێت "باڵیۆزخانەی یەمەن لە بەغداد لەگەڵ هەر دوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیی و هەماهەنگی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی زانیاری و وردەكاریی زیاتر لەبارەی هێرشەكەوە بزانێت".

ئەمریكا هەر زوو كاردانەوەی بەرانبەر هێرشەكە نیشاندا و لەسەر زاری ئەلینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، "ئیدانەی توند"ـی كرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق كرد "لێكۆڵینەوەیەكی تەواو لەم پرسە بكەن و بكەرانی بدرێنە دادگا".

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق وتیشی "ئەمریكا لە كاركردن لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق، بەردەوام دەبێت".

پاش هێرشەكە، هەریەكە لە وەزارەتی (كارەبا و سامانە سروشتییەكان) لە ڕایانگەیاند كە بەهۆی هێرشەكەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ڕاوەستاوە و نزیكەی 2500 مێگاوات كارەبا كەم بووەتەوە.

ئەمڕۆ كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە (وەكالەت)، ڕایگەیاند "قەرەبووی بەشێكی زۆری زیانەكانی كەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی كارەبا كراوەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیەندراوەتەوە 1600 مێگاوات".

وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە (وەكالەت) دەشڵێت "لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانیی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە".

پێشتر چەند جارێك هێرشی مووشەكی و درۆنی كراوەتە سەر كێڵگەی كۆرمۆر، بەڵام ئەمە یەكەم جارە زیانی گیانی گەورەی لێ‌ بكەوێتەوە. مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هێرشەكە بە "تیرۆریستی" ناو دەبات و سەرەڕای بە توندی ئیدنەكردنی، داوا لە حكومەتی عێراق دەكات كە "بە شێوەیەكی جیددی لێكۆڵینەوە بكات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بكات، دڵنیایی بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بدات".

مەسروور بارزانی بەبێ‌ ئاشكراكردنی وردەكاری، دەڵێت "بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەكی نزیك لەناو خاكی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەیی بۆ "هەماهەنگی" لەگەڵ بەغداد نیشان دەدات بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو هێرشانە و ڕایگەیاندووە "چاوەڕوانی ڕێكاری خێرا دەكەین لە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە. دەبێت كۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەكدارییە نایاساییانە بكات كە زیان بە هەموومان دەگەیەنن".

هاوكات هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، داوای لێكۆڵینەوەی حكومەتی عێراق لە هێرشە دووبارەبووەكان بۆ سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەكەن.

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

كۆرمۆر لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێك بە مووشەك ھێرشی كراوەتە سەر و زیانی ماددی و ئاگركەوتنەوەی بەدواوە بووە، ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆكاری ئەو ھێرشانە ئاشكرا نەكراون.