یەكێتیی مامۆستایان: لێدوانی هەر ئەندامێكمان تەعبیر لە ڕای یەكێتییەكە ناكات

27-04-2024 11:00

پەرەگراف

مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە كە پرۆژەی (هەژماری من)ـی ڕەت كردبێتەوە و ئەو بابەتە بە "دەنگۆ و دوور لە ڕاستی" ناو دەبات. دەشڵێت "لێدوانی هەر ئەندامێكی یەكێتیی مامۆستایان، تەعبیر لە ڕای یەكێتییەكە ناكات".

مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە هەندێ پەیج و ماڵپەر بەناوی یەكێتیی مامۆستایان بڵاویان كردووەتەوە، كە گوایە یەكێتیی مامۆستایان هەژماری من ڕەت دەكاتەوە".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە "ماوەیەكە هەندێ پەیج و دەزگای میدیایی هەواڵ و زانیاری بە ناوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە بڵاو دەكەنەوە، كە هیچ پەیوەندیی بە یەكێتیی مامۆستایانەوە نییە".

مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەشڵێت "بەتایبەت هەندێك لێدوان بڵاو كراوەتەوە كە گوایە یەكێتیی مامۆستایان هەژماری من ڕەت دەكاتەوە، كە ئەمەش دوورە لە ڕاستی".

ڕاگەیەندراوەكە ڕوونی كردووەتەوە كە یەكێتیی مامۆستایان لە چەندین پارت و لایەن پێكهاتووە و هەریەكە تەعبیر لە بۆچوونی خۆی دەكات و دەڵێت "هەر ئەندامێك لە یەكێتیی مامۆستایان ئەگەر لێدوانێك یان كۆمێنێتك بكات، تەعبیر لە ڕای یەكێتیی مامۆستایان ناكات".