نووری مالیکی: بیستوومانە سەرۆکایەتیی هەرێم هەڵبژاردن بۆ مانگی 10 دوادەخات

28-04-2024 02:10

پەرەگراف

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند "بیستوومانە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بۆ مانگی 10ـی ئەمساڵ دوادەخات، ئەمە بابەتێکی تەکنیکییە و پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە وادەی هەڵبژاردن دیاری بكات و كۆمسیۆنیش پەیوەست دەبێت".

مالیکی دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و وتیشی، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە نێچیرڤان بارزانی تێیدا بەشدار بووە، باسی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە.

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی ‏هەڵبژاردن ناكات، لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەوڵی ‏ڕازیكردنی لایەنەكان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زیاتر بۆ ‏دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، لە ئێستاشدا نێچیرڤان بارزانی دوو ڕۆژە لە بەغدایەو تەوەرێکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.

سووربوونی پارتی لەسەر بەشداریی نەکردن لە هەڵبژاردن لەکاتێکدایە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە 10-6-2024، بڕیارە بانگەشەی هەڵبژاردن لە 10-5 واتە مانگێك بەر لە هەڵبژاردن دەست پێ‌ بكات.

 پارتی پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن.
پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە؛ یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.
هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.