سوودانی زانیاریی نوێ لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر ئاشكرا دەكات

28-04-2024 02:29

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، زانیاریی نوێ لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر ئاشكرا دەكات و دەڵێت "دەدرێنە دادگا".

پاش كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغداد بەڕێوە چوو، هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاند "سەركۆنەی ئەو هێرشە تاوانكارییە دەكەین كە كرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر. سەرۆكوەزیران (محەمەد شیاع سوودانى) ڕایگەیاند: سەرەداویان دەستکەوتووە كە دەیانگەیەنێت بەو كەسانەی تێوەگلاون لە ئەنجامدانى هێرشەکە".

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە لایەنە پێکهێنەرەکانى حکومەتى عێراق پێک دێت بە پارتى و یەکێتیشەوە، جەخت دەکاتەوە کە "ئەنجامدەرانى هێرشەکەى سەر کێڵگەى گازى کۆرمۆر دواى كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەکان ڕەوانەی دادگا دەکرێن".

ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند كە "بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەكی نزیك لەناو خاكی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن".

مەسروور بارزانی وتیشی "دەبێت حكومەتی فیدراڵی كۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەكدارییە نایاساییانە بكات كە زیان بە هەموومان دەگەیەنن".

كاتژمێر 6:40 خولەكی ئێوارەی هەینی 26-4-2024، بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆركۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و كەمپی كێڵگەكە كرایە ئامانج، بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست دا و دوانی دیكە بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داوە، چوار خەبیری یەمەنی بوون كە تەمەنیان لە نێوان 38 بۆ 46 ساڵدا بووە.

تا ئێستا هەریەك لە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، یەكێتیی ئەورووپا، ئەمریكا، فەرەنسا، بەریتانیا، یەمەن و ئیمارات ئیدانەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆریان كردووە. داوای لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردن و سزادانی ئەنجامدەرانی دەكرێت.

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

كۆرمۆر لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێك بە مووشەك ھێرشی كراوەتە سەر و زیانی ماددی و ئاگركەوتنەوەی بەدواوە بووە، ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆكاری ئەو ھێرشانە ئاشكرا نەكراون.