سەرۆکایەتی هەرێم: لایەنە عێراقییەکان و سەرۆکی هەرێم کۆکن کە هەڵبژاردن بە بەشداریی هەموان بکرێت

29-04-2024 12:39

پەرەگراف

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە بە پرسی سەرجەم لایەنەکانی عێراق، لایەنە عێراقییەکان کۆکن و ڕوئیای سەرۆکی هەرێمیش ئەوەیە هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت سەرجەم لایەنەکان تێیدا بەشداربن و لایەنی کەمی مافی سەرجەم پێکهاتەکانیش تیێدا بەدەست بێت ئەمە ئامانجەکەیە.

دڵشاد شەهاب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامانجی سەردانی نێچیرڤان بارزانی و دوو ڕۆژ کۆبوونەوەی لە بەغداد خستەڕوو، کە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێم، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان بووە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکان و لایەنە عێراقییەکان.

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم وتی، تێگەیشتنێکی زۆر باش هەیەو سەرجەم دامەزراوەکان پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کۆکن کە دەبێت کەشێکی وا بخوڵقێنرێت سەرجەم لایەنەکان بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، "بەشداریکردنی هەموان و پێکهاتەکان، دۆزینەوەی دەرگایەک کە مافی پێکهاتەکان فەراهەم بکرێت".

"هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەو قۆناغە ناسکەی هەرێم پێیدا تێپەڕ دەبێت گەورەترو چارەنوسسازترە لە وادەیەک بۆ هەڵبژاردن و دواخستنی و ڕێکارە هونەرییەکان" دڵشاد شەهاب وای وت.

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بە "سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو" وەسفکرد، لەبارەی پرسی مووچەش وتی، هیچ هۆکارێک نییە مەترسیی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروستبکات، "مووچە چارەسەر دەبێت و ئەم دڵنیاییە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە مووچەخۆران دەدرێت".