قەدەغەی دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی هەڵگیرا

16-05-2019 04:48


پەرەگراف

وەزیری دادی توركیا هەڵگرتنی قەدەغەی دیداری عەبدوڵا ئۆجەلانی لەگەڵ پارێزەرەكانی ڕاگەیاندو لەمەودوا پارێزەران دەتوانن سەردانی ئیمراڵی بكەن.

عەبدولحەمید گول وەزیری دادی توركیا دوای پێشوازی كردنی لە ئەندامانی ئەوووپای كۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشكەنجە، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان كردو لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پرسی چاوپێكەوتنی عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرەكانی، ئاماژەی بەوەكرد چاوپێكەوتنی سزادراوان لەگەڵ پارێزەرەكانیاندا مافێكی یاساییە.

"پێشتر بڕیارەكانی سنوورداركردن لەئارادابوون. بڕیارەكانی سنوورداركردن هەڵگیران. بڕیارەكانی پەیوەندیدار بە قەدەغەكردنی یەكتربینین هەڵگیران و دەرفەتی یەكتربینین ڕەخسێندرا. دوای ئەوەی لە ڕێگای یاساوە ئەو بەربەستانە هەڵگیران یەكتربینینیشی لەگەڵ پارێزەرەكانی بووە یاسایی" عەبدولحەمید گول وای وت.

كۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشكەنجەدان كە لە ئەوروپاوە سەردانی توركیای كردووە چەند گرتوخانەیەكی ئەو وڵاتەی بەسەر كردووەتەوە، لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا كۆمیتەكە لەگەڵ ئۆجەلان كۆبووەتەوە، عەبدولحەمید گول گوتی "ئیمراڵیشیان بەسەر كردووەتەوە".

هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دوای ئەوەدێت 2ی ئەم مانگە توركیا ڕێگەیدا پارێزەرەكانی سەردانی ئۆجەلان بكەن لە زیندان، ئەوە یەكەم سەردانی پارێزەرانی بوو بۆ زیندانی ئیمراڵی لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە كە بە بیانووی لاوەكیی ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی نەدەدراو لەو ماوەیەدا زیاتر لە 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

دوای دیدارەكەش پارێزەرەكانی پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە كە تەئكید لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی كورد دەكات لە باكورو ڕۆژئاوای كوردستان.

پەیامەكەی ئۆجەلان دوای ئەوەهات نزیكەی سێ هەزار زیندانیی لە توركیا كە لە نێویاندا ئەندام پەرلەمانیش هەیە، لە نۆڤەمبەری 2018وە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە وەك ناڕەزاییەك دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان. چەند مانگرتوویەكیش چالاكی گیانفیداییان ئەنجامداو لەم مانگەشدا زۆربەی مانگرتووان لە لێواری مەرگدا بوون.

هەڵگرتنی قەدەغەی دیداری ئۆجەلان دوای ئەوەدێت دەزگای هەواڵگریی توركیا لە ئاستی باڵادا سەردانی ناوبراویان كردووە لە زیندان‌و لەبارەی دۆخی سوریاو پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا گفتوگۆیان كردووە.

بەپێی شیكردنەوەیەكی دامەزراوەی بەرگریكردن لە دیموكراسی، كرانەوەی توركیا بە ڕووی ئۆجەلان‌و ڕێگەدان بە بڵاوكردنەوەی پەیامەكەی، چەند ئامانجێكی هەیە.

لەوانە؛ ئەردۆغان نیازی بردنەوەی ئەستەنبوڵی هەیە لەڕێگەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ كوردانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو شارە كە هۆكاری سەرەكیی بوون بۆئەوەی ئەردۆغان ئەستەنبوڵ لەدەست بدات لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە 31ی ئاداری ئەمساڵ. بڕیارە هەڵبژاردن لەو شارە دووبارە بكرێتەوە.

هەر بەپێی دامەزراوەی بەرگریكردن لە دیموكراسی، ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە پاڵنەری لە پێشینەی ئەردۆغان بۆ ڕێگەدان بە بڵاوبوونەوەی پەیامەكەی ئۆجەلان بەرگرتن بووە لە مەرگی ئەو كەسانەی دژی گۆشەگیریی مانیان گرتووە، هەر بۆیە ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا بە ئاشكرا داوا دەكات زیندانییان كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن.

ئەوەی جێی سەرنجە پەیامەكەی ئۆجەلان تەنها باسی كوردانی توركیا لە خۆ ناگرێت، بەڵكو كوردانی سوریاش دەگرێتەوە كە هەژموونیان هەیە بەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە هاوپەیمانی ئەمەریكایە لە شەڕی دژی داعش لە سوریا.

یەپەگە كە پێكهێنەری سەرەكیی هەسەدەیە، پەیڕەوی ئایدۆلۆژیای پەكەكە دەكات و ئۆجەلان بە سەركردەی ڕۆحیی خۆی دەزانێت، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكیی بوو تا توركیا شەڕ لە دژیان ڕابگەیەنێت لە ساڵی 2016وە.

لەگەڵ چڕبوونەوەی دانوستانەكان بۆ یەكلاكردنەوەی بارگرژی و ناكۆییەكانی نێوان هەسەدە و توركیا، ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا داوا لە كوردانی سوریا دەكات حەساسییەتەكانی توركیا لەبەرچاو بگرن‌و تەئكید لە چارەسەری ئاشتییانەو یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكات.