هەپەگە: كاریگەرانە وەڵامی توركیا دەدەینەوەو گورزی كوشندەیان لێدەدەین

17-06-2020 08:53
گەریلاكانی پەكەكە لە قەندیل. وێنە؛ ڕێبەر نەجم/ پەرەگراف

پەرەگراف

هەپەگە ڕایگەیاند، بە شێوەیەكی كاریگەر وەڵامی هێرش‌و لەشكركێشییەكانی توركیا دەدەنەوەو گورزێكی مێژووییان لێدەدەن، ئەوەش ئاشكرا دەكات، لە بۆردوومانەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیان بە گەریلاكانیان نەگەیشتووە.

هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە-باڵی سەربازیی پەكەكە) ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی بۆردومان‌و هێرشە زەمینییەكانی توركیا بۆسەر ناوچە سنورییەكان لە پارێزگای دهۆك بڵاوكردەوە.

هەپەگە ئەوە دەخاتە ڕوو، سوپای توركیا لە 23-8-2019ـوە لە هەفتانین لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، ئۆپەراسیۆنێكی داگیركارییان دەستپێكرد بوو بەردەوامیان پێداوە، "تا دوێنێ ١٦ی مانگ لە درەنگانی شەودا بە شێوازێكی دیكە بەردەوامییان پێدا، ئەویش بە پشتیوانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و هێلیكۆپتەرەكانیان لە ئاسمانەوە، هێرشی زەمینی داگیركارییان دەستپێكرد."

"دەوڵەتی توركی داگیركەر دەیەوێت بە بەردەوامیدان بە داگیركارییەكانی شوێنە ستراتیژییەكانی هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا لە سنوورەكە كۆنترۆڵ بكات و حسابی ئەوە دەكەن، كە باشوری كوردستان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، چونكە ئامانجیان داگیركردنی كوردستانە، بەڵام لەبەرامبەردا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەریلاكان بوون و دەبنەوە، هەر لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیاوە تا باكوری كوردستان ڕۆژانە گورزی كوشندەیان لێدەدرێت، ناوی ئەم ئۆپەراسیۆنە زەمینییە چی دەبێت باببێت، بە شێوەیەكی كاریگەر وەڵامی دەدرێتەوە، گورزێكی لێدەدرێت مێژوویی بێت" هەپەگە وادەڵێت.

ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگە دوای ئەوەدێت، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، 15ی ئەم مانگە هێرشێكی فراوانیان كردەسەر بنكەو بارەگاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، شەوی ڕابردووش هێرشی زەمینییان دەستپێكرد.

هەپەگە دەڵێت، فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك لە ١٥ و ١٧ی ئەم مانگەدا، سنووری گارەو مەتینایان بۆردوومان كردووە، بەڵام هیچ زیانێك بە گەریلاكانیان نەگەیشتووە.

لە ڕاگەیەندراوەكەیدا هەپەگە ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنێكی توركیا كردووە لە باكوری كوردستان‌و ئەوە دەخاتە ڕوو، توركیا 30ی مانگی ڕابردوو لە سنووری دەرسیم ئۆپەراسیۆنێكی دەستپێكردووە و تا ٧ی ئەم مانگە بەردەوام بووە، "لە ئەنجامدا شەڕی سەخت لە نێوان گەریلاكانمان و سوپای داگیركەر دروستبوو، لە ئەنجامدا سەربازێكی زۆری دووژمن كوژراون، لەم شەڕەدا هەڤاڵانمان 'ئاگر، ڕێناس، دەلیل، مونزور، گوڵان و ژیاندا' كە هەشت ڕۆژ بەرخۆدانیان بەشێوەی فیدایی لە دژی دوژمن ئەنجامدا شەهیدبوون".

ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج بۆ لێدانی پەكەكە، ناوەڕاستی مانگی 4ی ئەمساڵیش توركیا لە زینی وەرتێ بارەگایەكی پەكەكەی كردە ئامانج‌و سێ گەریلا شەهید بوون، هەمانكات بۆردومانی كەمپی مەخموری كردو سێ ژنی دانیشتووی كەمپەكەی شەهید كرد.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیا‌و بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو سەدان سەرباز دەبن‌و زۆرینەیان لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم.

ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكان بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی‌و هێزی ئاسمانی توركیایە.