عەزیز ئەحمەد: دادگای فیدراڵی ڕاستكردنەوەیەك لەبارەی بەبانكیكردنی مووچە ‏دەردەكات

29-04-2024 02:03

پەرەگراف

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسروور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵی لەم هەفتەیەدا ‏‏"ڕاستكردنەوەیەك" لەبارەی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەردەكات. ‏بەپێی ڕاستكردنەوەكە بانكەكانی ناو (پرۆژەی هەژماری من)یش مافی ئەوەیان دەبێت هەژماری بانكی ‏بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بكەن.‏

بەڵام هاوكات مووچەخۆرانی هەرێم دەتوانن بانكە عێراقییەكانی دەرەوەی هەژماری من بۆ ‏بەبانكیكردنی مووچەكانیان هەڵبژێرن، هەروەها مووچە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی ‏عێراقەوە دەخرێتە سەر هەژماری مووچەخۆران.‏

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری ‏خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دەڵێت "دادگای فیدراڵی لەم هەفتەیەدا ڕاستكردنەوەیەك ‏دەردەكات بۆ پشتڕاستكرنەوەی ئەوەی كە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەمان مافیان هەیە وەك ‏هەموو عێراقییەكان لە پرۆژەی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ بەبانكیكردنی مووچە".‏

بەوپێیەش "وەكوو چۆن مووچەخۆرانی حكومەتی فیدراڵی بانكی دڵخوازی خۆیان هەڵدەبژێرن لە ‏لیستی بانكە پەسەندكراوەكان، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش هەمان مافیان هەیە".‏

عەزیز ئەحمەد دەڵێت "ئەمە بنەمای پرۆژەكەیە: هەر بانكێك كە لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە ‏مۆڵەتی پێ درابێت و مەرجەكانی هەژماری منی تێدا بێت، دەتوانێت هەژماری بانكی بۆ ‏مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست بكات".‏

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش كردووە كە "هەر بانكێك لەلایەن ‏بانكی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی پێ درابێت و مەرجەكانی هەژماری منی تێدا بێت، دەتوانێت ‏هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست بكات".‏

ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "هەموو بانكە بەشدارەكانی پڕۆژەی هەژماری من ‏مۆڵەتیان لە لایەن بانكی ناوەندی عێراقییەوە پێ دراوە و بە تایبەتی پەسەند كراون بۆ پرۆژەكە، ‏دوای ئەم ڕاستكرنەوەیە، دەتوانین بە تەواوی توانامانەوە بەردەوام بین تا هێڵی كۆتایی".‏