ئەمەریکا هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە 'تیرۆرستی' لە قەڵەم دەدات

29-04-2024 07:06

پەرەگراف

مارك سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ڕایگەیاند، ئەمەریكا بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەكات و بۆ ڕێگری لەو هێرشە تیرۆرستییانە پاڵپشتی بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق دووپات دەکاتەوەو لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی گۆڕانكارییەكان دەكات.

ئەو وتانەی کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە میانی سەردانی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرو ستافی وەزارەت بوو.

بەپێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە كۆبوونەوەكەدا كونسوڵی ئەمەریكا نیگەرانیی لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر و گیان لەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە دەربڕیوە، هێرشەکەی بە "تیرۆرستی" داناو وتی "ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق".

مارک سترۆ ئەوەشی خستووەتە ڕوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی بۆ پشتگیریی لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق و هێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت.

لە بەرامبەردا كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بەوەكالەت، هەوڵەكانی ئەمەریكای بەرز نرخاندو داوای كرد "هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی هەرێم چڕ بكەنەوە کە ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە و زیانی بە ئابووریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵی گەیاندووە".

ئێوارەی ٢٦ی ئەم مانگە بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی گازی ‏كۆرمۆر لە چەمچەماڵ و كەمپی كێڵگەكە كرایە ئامانج، بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست ‏دا كە بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف چوار خەبیری یەمەنی بوون و تەمەنیان لە نێوان 38 بۆ 46 ساڵدا ‏بووە.‏

ئەمڕۆیش كۆمپانیای دانەگاز ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر ڕاگەیاند و ‏دەڵێت "ڕێوشوێنەكانی كاركردنمان گۆڕیوە و سەلامەتی و تەندروستیی كارمەندان و بەڵێندەران گرنگترین شتە ‏لەلای كۆمپانیاكەمان".‏

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی ‏سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی ‏بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.‏

دانەگاز ئاماژەی بەوە كردووە كە یەكێك لە ‏كۆگاكانی هەڵگرتنی شلەمەنی لە كێڵگەکە لە "هێرشێكی درۆنیی تیرۆریستی"دا كرایە ئامانج و ‏تیایدا "چوار كارمەند گیانیان لەدەست دا و هەشت كارمەندیش بریندار بوون".‏

دانەگاز لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت "سەلامەتی و تەندروستیی كارمەندان و بەڵێندەران گرنگترین شتە لە لای ‏كۆمپانیای دانەگاز. هەرچەندە زیانی كەم بە دامەزراوەكان و كەرەستەكان گەیشتووە، بەڵام كاری ‏بەرهەمهێنانمان بە شێوازی كاتی وەستاندووە و ڕێوشوێنەكانی كاركردنمان گۆڕیوە".‏

كۆمپانیاكە ڕایشیگەیاندووە كە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی "ڕێوشوێنە ئەمنییەكان ‏توندووتۆڵ بكەن و بتوانرێت بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر دەست پێ بكاتەوە".‏

داناغاز ئاماژەی بەوەش كردووە، لەگەڵ هەریەك لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لە گفتوگۆدان بۆ ‏ئەوەی "بكەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە بە سزای خۆیان بگەنن".‏
كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێك بە مووشەك ھێرشی كراوەتە سەر و زیانی ماددی و ‏ئاگركەوتنەوەی بەدواوە بووە، ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆكاری ئەو ھێرشانە ئاشكرا نەكراون.‏

دوێنێ‌ پاش كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ‏هەرێمی كوردستان لە بەغداد بەڕێوە چوو، هاوپەیمانییەكە ڕایگەیاند "سەركۆنەی ئەو هێرشە تاوانكارییە ‏دەكەین كە كرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر. سەرۆكوەزیران (محەمەد شیاع سوودانی) ڕایگەیاند: سەرەداویان ‏دەستكەوتووە كە دەیانگەیەنێت بەو كەسانەی تێوەگلاون لە ئەنجامدانی هێرشەكە".‏

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە لە لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراق پێك دێت بە پارتی و ‏یەكێتیشەوە، جەخت دەكاتەوە كە "ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر دوای كۆتاییهاتنی ‏لێكۆڵینەوەكان ڕەوانەی دادگا دەكرێن".‏

ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند كە "بەپێی ‏زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەكی نزیك لەناو خاكی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن".‏

مەسروور بارزانی وتیشی "دەبێت حكومەتی فیدراڵی كۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەكدارییە نایاساییانە بكات كە ‏زیان بە هەموومان دەگەیەنن".‏

هەریەك لە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، یەكێتیی ئەورووپا، ئەمریكا، فەرەنسا، بەریتانیا، یەمەن و ‏ئیمارات ئیدانەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆریان كردووە. داوای لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردن و سزادانی ‏ئەنجامدەرانی دەكرێت.‏