کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کارەکانی ڕاگرتووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟

01-05-2024 04:26

پەرەگراف

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت، بەڵام هێشتا بە فەرمی کارەکانیان ڕانەگرتووەو چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانن.

سەرچاوەکە وتیشی "لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاگادار کراوین کە هەڵبژاردنەکە دوادەخرێت و چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانین لەوبارەیەوە".

دوێنێ محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆن کۆبووەوەو جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی سیاسی و بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان و دڵنیابوون لە بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی لە جێبەجێکردنی ئەم مافەدا".

پەیامەکەی سوودانی ئاماژە بوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە کە 10-6-2024 وادەی ئەنجامدانیەتی، بەوپێیەی پارتی و بەشێکی زۆری پێکهاتەکان لەوانەش تورکمان و کرستیانەکان ئامادەنین بەشداریی بکەن، بەهۆی هەڵوێست وەرگرتنیان لە دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی کورسیی پێکهاتەکان.

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی ‏هەڵبژاردن ناكات، لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەوڵی ‏ڕازیكردنی لایەنەكان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زیاتر بۆ ‏دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، بۆئەو مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدادی کردو تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.

پارتی پاش سێ‌ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ‏ناوی كاندیدەكان لەلایەن ‏كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی ‏پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و ‏بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ‏هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە؛ یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

بڕیارە هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە بچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.