عێراق لەبارەی بۆردومانەكان باڵیۆزی توركیاو ئێران بانگهێشت دەكات

18-06-2020 02:42
هێزەكانی توركیا لەكاتی چالاكییەكی سەربازیدا لە دژی گەریلاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان. وێنە؛ ئەسۆشیەیتد پرێس

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ باڵیۆزی توركیاو ئێرانی لە بەغداد بانگهێشت كردووەو یاداشتی ناڕەزایی پێداون لەسەر بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، داواشی لە توركیا كردووە هێزەكانی لە خاكی عێراق بباتە دەرەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە دوو بەیاننامەدا بانگهێشتكردنی باڵیۆزی ئەو دوو وڵاتەی ڕاگەیاندووە، عێراق داوای لێ كردوون خۆیان بەدوور بگرن لە پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتەكەی، بە پێچەوانەوە مافی ئەوەی هەیە هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر.

چەند ڕۆژێكە توركیاو ئێران بۆردومانی ناوچە سنورییەكانی ناوچەی حاجی ئۆمەران‌و بادینان دەكەن، ئەوەش بە پاساوی بوونی چەكداری حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران‌و گەریلاكانی پەكەكە لەو ناوچانە، بۆردومانەكان زیانی بە خەڵكی ناوچەكە گەیاندووە.

هاوكات توركیا هێزو بنكەی سەربازیی لە خاكی عێراقدا هەیەو هێرشی زەمینیی دەكاتەسەر پەكەكە لەو ناوچانە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت "تەئكید دەكەینەوە لە پێویستیی پابەندبوونی توركیا بە وەستاندنی هێرشەكانی و كشاندنەوەی هێزەكانی كە دوێنێ بەشێكیان هاتونەتە ناو خاكی عێراق، لە شوێنی مانەوەیان لە سەربازگەی باشیك و شوێنەكانی دیكەش".

لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ئەوە دووەم جارە لەسەر هەمان پرس وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات، ئەمڕۆ یاداشتێكی تووندتری ئاڕاستەی لایەنی توركیی كردووەو هۆشداریی داوە كە عێراق مافی یاسایی هەیە هەموو ڕێوشوێنێك بگرێتەبەر، كە بتوانێت سەرەوەری و سەلامەتیی گەلەكەی بپارێزێت، لەوانەش داواكردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕێكخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەوەی بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن.

ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج‌و بۆردومان كراون، ناوەڕاستی مانگی 4ی ئەمساڵیش توركیا لە زینی وەرتێ بارەگایەكی پەكەكەی كردە ئامانج‌و سێ گەریلا شەهید بوون، هەمانكات بۆردومانی كەمپی مەخموری كردو سێ ژنی دانیشتووی كەمپەكەی شەهید كرد.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیا‌و بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو سەدان سەرباز دەبن‌و زۆرینەیان لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم.

ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكان بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی‌و هێزی ئاسمانی توركیایە.