قوباد تاڵەبانی: ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبینەوە کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت

02-05-2024 07:31

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە کە یەکێتی بە هەموو شێوەیەک دژی دواخستنی هەڵبژاردنەو دەڵێت: رووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبینەوە کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت.

جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکسیم روبین کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێم وای وت کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەیان تاوتوێ کردووە.

 پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند كە بەم شێوەیەی ئێستا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات، ئەو حیزبە لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەوڵەكانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەست پێ‌ كردو بەپێی زانیارییەکان لایەنە عێراقییەکانی ڕازی کردووەو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکە دەدرێت.

لە كۆی پێنج حیزبی گەورە و دیاری هەرێمی كوردستان، جگە لە پارتی، هەریەك لە یەكێتی، نەوەی نوێ‌، یەكگرتوو و كۆمەڵ جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەنەوە کە 10-6-2024 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابوون پەیوەندییەکی ئاسایی و تەندروست و هاوسەنگ لەگەڵ هەموو وڵاتان و بە تایبەتیش وڵاتانی دراوسێدا هەبێت، "هەرێمی کوردستان هەرگیز سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆسەر هیچ لایەنێک و لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی باش و تەندروستمان هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە رووی بازرگانییەوە".

نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستووەتەڕوو، کونسوڵی گشتیی روسیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە کە لە دوا سەردانیدا بۆ سلێمانی هەستی بە گەشەسەندنێکی بەرچاو کردوە لەڕووی وەبەرهێنانەوە. 

لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی دەڵێت "راستە کە پێشتر کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم وەبەرهێنەراندا دروست دەکرا، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا هەنگاوی باشمان ناوە لە کەمکردنەوەی رۆتین و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم وەبەرهێنەران".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، خۆی لە نزیکەوە چاودێری چۆنییەتی بەرەوپیشچوونی کاروباری وەبەرهێنان دەکات و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات، "ئەم هەنگاوانە کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە سلێمانی بە جۆرێک کە ساڵی رابردوودا پارێزگاکە لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا یەکەم بووە لە رووی وەبەرهێنانەوە".