وەزارەتی تەندروستی دەست بەسەر ٣٥ جۆر خواردنەوەی وزەبەخشدا دەگرێت و لەناویان دەبات

02-05-2024 07:56

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەسەر ٣٥ جۆر خواردنەوەی وزەبەخشدا دەگرێت و لەناویان دەبات. وەزارەتەكە دەڵێت "ئەو خواردنەوانە هیچ ڕێگاپێدانێكیان نییە لە وەزارەتی تەندروستی و تۆمار نەكراون".

بەپێی نووسراوێك كە واژووی دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستانی لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی كراوە، داوا كراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەكانی قائیمقامیەت، "بەزووترین كات دەست بكرێت بە كۆكردنەوە و دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردن"ـی ئەو خواردنەوە وزەبەخشانە لە بازاڕەكانی هەرێم.

بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی، بۆ دروست كردن یاخود هاوردەكردنی خواردنەوە وەزەبەخشەكان، پێویستە كارگەكان و كۆمپانیاكان لە ڕێگای وەزارەتی تەندروستییەوە ڕێگەپێدان وەرگرن.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت "دوای بە دواداچوونی تیمە چاودێریەكانی وەزارەتی تەندروستی، دەركەوت ٣٥ جۆر خواردنەوەی وزەبەخش هەیە و هیچ ڕێگاپێدانێكیان نییە، ئەوەش بە قاچاغ و نەشیاو بۆ بە كار هێنان ئەژمار دەكرێ".

وەزارەتەكە دەشڵێت "لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكرێت و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتە بەر".