لیژنەکەی حکومەتی عێراق پێشنیازی دانانی سیستمی دژەدرۆنی کردووە بۆ پاراستنی کێڵگەی کۆرمۆر

02-05-2024 10:51
ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەی 26-4-2024

 پەرەگراف

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت ئاشكرای دەكات، ئەو لیژنەیەی لەسەر راسپارەدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی کێڵگەی گازی کۆرمۆری کرد، پێشنیازی کردووە لە رێگەی سیستمی دژە درۆنەوە کێڵگەکە بپارێزرێت.

كەمال محەمەد، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ زیاد عەلی فازل وەزیری كارەبای عێراق، بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کردو بەپێویستی زانی ئەو پێشنیازە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو وتیشی: حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمیی نەنواندووە بۆ پاراستنی کێڵگەکە لەڕووی زەمینییەوەو پاراستنی ئاسمانییش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.

رۆژی هەینی رابردوو هێرشێکی درۆنیی کرایەسەر كێڵگەی گازی كۆرمۆرو بووەهۆی كوژرانی 4 كارمەندی یەمەنی و برینداربوونی 8 كارمەندی دیکە، لە پاش هێرشەکە هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیراو کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی بەشێوەیەكی كاتیی كارەكانی راگرت.

 
 

کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمەو كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات و لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون. کێڵگەکە گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.