توركیا بنكەی سەربازیی زیاتر لە هەرێم دادەمەزرێنێت؛ گوێ بە هۆشدارییەكان نادات

18-06-2020 06:06
بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە ناوچەی ئاڤاشین لە بادینان، ئەفسەرێكی بنكەكە چاودێریی ناوچەكەو جوڵەی گەریلاكانی پەكەكە دەكات. وێنە؛ گێتی ئیمەیج/ ئەنادۆڵی توركی

پەرەگراف

سەرباری هۆشدارییەكانی عێراق‌و دووجار بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لە بەغداد، ئەنقەرە سوورە لەسەر هێرش‌و پەلامارەكانی لە هەرێمی كوردستانەوە دژی پەكەكەو دەڵێت، بنكەی سەربازیی زیاتریش لە هەرێم دادەمەزرێنێت. ئەوە لەكاتێكدایە شەڕی سەخت لە نێوان توركیاو پەكەكە لە هەفتانین بەردەوامەو هەپەگە زانیاریی لەبارەی هێرشەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو ئاشكرا دەكات.

بەرپرسێكی توركیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە، ئۆپەراسیۆنەكانی وڵاتەكەی دوای گفتوگۆكردن بووە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، "بەئامانجی دەركردنی میلیشیاكانی سەر سنوور و بەئامانجگرتنی هێزەكانی پەكەكە‌و ڕێگاكانی هاتوچۆ و توانای لۆجیستییان".

توركیا لەم هەفتەیەدا دوو ئۆپەراسیۆنی دژی پەكەكە ڕاگەیاند، یەكەمیان بە ناوی چنگ-هەڵۆ لە ئاسمانەوە بە فڕۆكەی ئێف 16‌و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان‌و دووەمیان بەناوی چنگ-پڵنگ بە هێنانی هێزی كۆماندۆو پشتیوانیی ئەو هێزانەی دیكەی كە لە خاكی هەرێمدان لە وشكانییەوە دژی پەكەكە ئەنجامیدا لە ناوچەی بادینان‌و تائێستاش بەردەوامە.

"پلانەكە جێگیركردنی بنكەی سەربازیی زیاتری كاتییە لە ناوچە پاككراوەكان بۆ هەمان ئامانجەكانی پێشووتر. لە ئێستادا زیاتر لە 10 بنكە هەن، بنكەی نوێش دادەمەزرێنین" بەرپرسەكەی توركیا وای بە ڕۆیتەرز گوتووە.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بۆ دووەمجار لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی توركیای لە بەغداد بانگهێشت كردو لەبارەی هێرش‌و بۆردومانەكانی ئەو وڵاتە یاداشتنامەی ناڕەزایی تووندی پێداو داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی توركیای كرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت "تەئكید دەكەینەوە لە پێویستیی پابەندبوونی توركیا بە وەستاندنی هێرشەكانی و كشاندنەوەی هێزەكانی كە دوێنێ بەشێكیان هاتونەتە ناو خاكی عێراق، لە شوێنی مانەوەیان لە سەربازگەی باشیك و شوێنەكانی دیكەش".

عێراق هۆشدارییداوە كە مافی یاسایی هەیە هەموو ڕێوشوێنێك بگرێتەبەر، كە بتوانێت سەرەوەری و سەلامەتیی گەلەكەی بپارێزێت، لەوانەش داواكردن لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕێكخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەوەی بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن.

ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج‌و بۆردومان كراون، ناوەڕاستی مانگی 4ی ئەمساڵیش توركیا لە زینی وەرتێ بارەگایەكی پەكەكەی كردە ئامانج‌و سێ گەریلا شەهید بوون، هەمانكات بۆردومانی كەمپی مەخموری كردو سێ ژنی دانیشتووی كەمپەكەی شەهید كرد.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیا‌و بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو سەدان سەرباز دەبن‌و زۆرینەیان لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم. ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكان بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی‌و هێزی ئاسمانی توركیایە.

شەڕی دوو ڕۆژی ڕابردوو

لە ناوچەی بادینان بەتایبەت هەفتانین، شەڕی سەختی زەمینیی لە نێوان توركیاو پەكەكە بەردەوامەو ئەمڕۆ هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە- باڵی سەربازیی پەكەكە) زانیاریی لەبارەی هێرشەكانی توركیا ئاشكرا كرد.

هەپەگە دەڵێت، لە 16ی ئەم مانگە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاو تۆپخانەی ئەو وڵاتە مەیدانەكانی ناوچەكەیان بۆردومان كردووەو دواتر لە نیوە شەودا بە هێلیكۆپتەری سكۆرسكی سەربازیان داگرتووە.

"هێزە داگیركەرەكان هەوڵیاندا لە گردی شەهید ئادار خۆیان جێگیر بكەن، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەریلاكانمان بوونەوە، هێزەكانمان بە چەكی قورس ڕووبەڕووی هێلیكۆپتەرەكان بوونەوە و نەك جێگیربوون، بەڵكو ڕێگای نیشتنەوەیان نەدرا و ناچاربوون پاشەكشە بكەن" هەپەگە وادەڵێت.

لەبارەی هێرشەكانی دوێنێشەوە، هەپەگە باسلەوە دەكات، گەریلاكانیان لە گردی شەهید بێریڤان و كاتۆ سولێ بەبێ وەستان چالاكیی بۆمبییان دژی سوپای تورك ئەنجامداوە، "چوار جار هێزە داگیركەرەكان هەوڵیاندا گردی شەهید سیپان داگیربكەن، بەڵام هەموو جارەكان ڕووبەڕووی بەرخۆدان بوونەوە و هەر چوار جارەكە تێكشكێندران، ئێستا لەو قۆڵەدا ناچار بە وەستان كراون".

لەبارەی زیانە گیانییەكانی هێرشەكان، هەپەگە دەڵێت "بە دەیان سەربازی تورك سزا دراون و چەندینیش بریندارن، لە دوو ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەكەدا، هەڤاڵانمان شاهین، تۆڵهەڵدان و چیا شەهیدبوون، تائێستاش بۆردوومان و هێرشەكانی دەوڵەتی تورك لە سنوورەكە بەردەوامیی هەیە".