قوباد تاڵەبانی: مۆنۆمێنتی 'پارێزەرانی حەقیقەت' دروست دەکەین بۆ ڕێزلێنان لەو ڕۆژنامەنووسانەی شەهید کراون

03-05-2024 01:59

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا لە سلێمانی مۆنۆمێنتی "پارێزەرانی حەقیقەت" دروست دەکەن کە زیاتر لە ساڵێکە کاری بۆ دەکەن، "بەمەبەستی رێزلێنان لە هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە کوردستان و عێراق شەهید کراون".

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسان دەکات و یادی هەموو شەهیدانی رۆژنامەگەری لە کوردستان و عێراق دەکاتەوە.

"بەرگریکردن لە ئازادی کاری رۆژنامەگەری یەکێکە لە باوەڕ و پرەنسیپە نەگۆڕەکانی ژیانی سیاسیم. بەپێی ئەزمونی وڵاتان، بەبێ ئازادی رۆژنامەگەری، نە ئازادییەکانی دیکە پارێزراو دەبێت، نە کۆمەڵگای مەدەنی گەشە دەکات و نە دیموکراسییەکی سەقامگیر جێگیر دەبێت و نە حکومڕانییەکی دروست و بەرپرسیار دێتەئاراوە" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.