بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتەوە دۆخی ئاسایی

03-05-2024 03:16

پەرەگراف  

کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گەڕایەوە دۆخی ئاسایی کە زیاترە لە ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا.

دانەگاز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەش دەخاتەڕوو، بەرهەمهێنانی LPG گەیشتووەتەوە 1100 تۆن و کۆندێنسەیتیش 15 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

"دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دێت لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها پابەندیی بۆ تووندترکردنی دۆخی ئاسایش و بەهێزکردنی بەرگری لە کێڵگەی کۆرمۆ" دانەگاز وادەڵێت.

کۆمپانیاکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە سوورن لەسەر پاراستن و سەلامەتیی کارمەندان و دامەزراوەکانیان، شانازیش دەکەن بە خزمەتکردنی عێراق و کوردستان و پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان.

رۆژی هەینی رابردوو هێرشێکی درۆنیی کرایەسەر كێڵگەی گازی كۆرمۆرو بووەهۆی كوژرانی 4 كارمەندی یەمەنی و برینداربوونی 8 كارمەندی دیکە، لە پاش هێرشەکە هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیراو بەرهەمی کارەبا ٢ هەزارو ٥٠٠ مێگاوات کەمی کرد، کۆمپانیای دانەگازیش بەشێوەیەكی كاتیی كارەكانی راگرت.

دوێنێش وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت ئاشكرای دەكات، ئەو لیژنەیەی لەسەر راسپارەدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی کێڵگەی گازی کۆرمۆری کرد، پێشنیازی کردووە لە رێگەی سیستمی دژە درۆنەوە کێڵگەکە بپارێزرێت.

كەمال محەمەد، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ زیاد عەلی فازل وەزیری كارەبای عێراق، بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کردو بەپێویستی زانی ئەو پێشنیازە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو وتیشی: حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمیی نەنواندووە بۆ پاراستنی کێڵگەکە لەڕووی زەمینییەوەو پاراستنی ئاسمانییش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.

کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمەو كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات و لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون. کێڵگەکە گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.