مەسرور بارزانی و شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا هەڵبژاردنی کوردستان تاوتوێ دەکەن

04-05-2024 05:20
مەسرور بارزانی و شاندەکەی ئەمەریکا

پەرەگراف

شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا لە کوردستانەو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەو تەوەرێکی گفتوگۆکانیان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.

مەسرور بارزانی دەڵێت "جەختمان لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە بە بەشداری هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کردەوە".

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند كە بەم شێوەیەی ئێستا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ئەو حیزبە لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەوڵەكانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەست پێ‌ كردو بەپێی زانیارییەکان لایەنە عێراقییەکانی ڕازی کردووەو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکە دەدرێت.

لە كۆی پێنج حیزبی گەورە و دیاری هەرێمی كوردستان، جگە لە پارتی، هەریەك لە یەكێتی، نەوەی نوێ‌، یەكگرتوو و كۆمەڵ جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەنەوە کە 10-6-2024 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی.

شاندەکەی ئەمەریکا لە سێناتۆر تێد بە‌د و سێناتۆر جۆنى ئێرنتس پێكهاتووەو ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم یاوەرییان دەکەن.

ڕاگەیاندنی مەسرور بارزانی دەڵێت، شاندەکە پشتگیریی ئەمەریکایان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی دەڵێت "جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کردەوە".