نێچیرڤان بارزانی بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە تاران و چاوی بە خامنەیی دەکەوێت

05-05-2024 12:32

 پەرەگراف

سەرۆکی هەرێم ئەمڕۆ دەگاتە تاران و تەوەرێکی سەردانەکەی وەرگرتنی گڵۆپی سەوزی ئێرانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی ئاژانسی میهری ئێران، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوەو چاوی بە عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئەو وڵاتە دەکەوێت، پاشان لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆككۆمار و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران کۆدەبێتەوە.

میهر تەوەرەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی ئاشکرا کردووە کە بریتین لە؛ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق بۆ  دوورخستنەوەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی ئێران.

"ئامانجێکی تریشی سەردانەکە وەرگرتنی ڕای ئێرانە لەمەڕ دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" میهر وادەڵێت.

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند كە بەم شێوەیەی ئێستا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق، ئەو حیزبە لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەوڵەكانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەست پێ‌ كردو بەپێی زانیارییەکان لایەنە عێراقییەکانی ڕازی کردووەو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکە دەدرێت.

نێچیرڤان بارزانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، پێویستە یەکێتی ڕازی بکات، پاشان لایەنە شیعەکانی عێراق کە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەژێر هەژموونی ئەواندایە، ئەوانیش بە نزیک یاخود بە "بەرەی ئێران" ناو دەبرێن.

پێشتر سەرچاوەیەکی باڵا بە پەرەگرافی وت "نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێرانییەکان و یەکێتیش هەیە، ئەگەر ئەو لایەنانە ڕازیی نەکات ئەوکات داواش لە کۆمسیۆن بکات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن کۆمسیۆن دەتوانێت داواکەی ڕەت بکاتەوە بە گەڕانەوەی بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و زۆربەی ڕێکارەکانی تەواو بوون".

لە كۆی پێنج حیزبی گەورە و دیاری هەرێمی كوردستان، جگە لە پارتی، هەریەك لە یەكێتی، نەوەی نوێ‌، یەكگرتوو و كۆمەڵ جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەنەوە کە 10-6-2024 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی.