زۆرترین بڕی باران لە دهۆك باریوە؛ لە سلێمانی كەمتر لە پارساڵ باران باریوە

05-05-2024 05:34

پەرەگراف

بەپێی خشتەیەك كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمساڵ زۆرترین بڕی باران لە شاری دهۆك و پاشان هەڵەبجە باریوە، هەروەها لە ناوەندی پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر زیاتر لە دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو باران باریوە، بەڵام سلێمانی هەرچەندە لە پلەی سێیەمدا دێت بۆ بارینی زۆرترین بڕی باران لەمساڵدا، بەڵام بەراورد بە پارساڵ باران كەمتر باریوە.

ناوەندی پارێزگای دهۆك:

ناوەندی پارێزگای دهۆك (واتا شاری دهۆك)، ئەمساڵ تا ئەمڕۆ 5-5-2024، زۆرترین بڕی بارانی لێ‌ باریوە و لە پلەی یەكەمدایە، بە جۆرێك كە بڕی 823.3 ملم باران باریوە، ئەمە لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو بە كۆی گشتی لەو شارە 388.4 ملم باران باری بوو.

بەو جۆرەیش بەراورد بە پارساڵ، ئەمساڵ لە شاری دهۆك 434.9 ملم باران زیاتر باریوە، هەروەها بەكۆی گشتی لەمساڵدا زیاتر لە دوو هێندەی پارساڵ باران باریوە.

ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە:

ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە (واتا شاری هەڵەبجە)، لە پلەی دووەمدا دێت بۆ بارینی زۆرترین بڕی باران لەمساڵدا، بە جۆرێك كە تا ئەمڕۆ 5-5-2024، بڕی 811.6 ملم باران باریوە، ئەمە لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو بە كۆی گشتی لەو شارە 514.6 ملم باران باری بوو.

بەو جۆرەیش بەراورد بە پارساڵ، ئەمساڵ لە شاری هەڵەبجە 297 ملم باران زیاتر باریوە.

ناوەندی پارێزگای سلێمانی:

ناوەندی پارێزگای سلێمانی (واتا شاری سلێمانی)، ئەمساڵ لە پلەی سێیەمدا دێت بۆ باران بارین، بەڵام هێشتا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، كەمتر باران باریوە. بە جۆرێك كە تا ئەمڕۆ 5-5-2024، بڕی 672.5 ملم باران باریوە، ئەمە لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو بە كۆی گشتی لەو شارە 732.8 ملم باران باری بوو.

بەو جۆرەیش بەراورد بە پارساڵ، ئەمساڵ لە شاری سلێمانی 60.3 ملم باران كەمتر باریوە.

ناوەندی پارێزگای هەولێر:

ناوەندی پارێزگای هەولێر (واتا شاری هەولێر)، ئەمساڵ لە پلەی چوارەمدا دێت بۆ باران بارین، بە جۆرێك كە تا ئەمڕۆ 5-5-2024، بڕی 584.2 ملم باران باریوە، ئەمە لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو بە كۆی گشتی لەو شارە 251.9 ملم باران باری بوو.

بەو جۆرەیش بەراورد بە پارساڵ، ئەمساڵ لە شاری هەولێر 332.3 ملم باران زیاتر باریوە. هەروەها بەكۆی گشتی لەمساڵدا زیاتر لە دوو هێندەی پارساڵ باران باریوە.

ناوەندی پارێزگای كەركووك:

ناوەندی پارێزگای كەركووك (واتا شاری كەركووك)، ئەمساڵ لە پلەی پێنجەم و كۆتایی دێت بۆ باران بارین، بە جۆرێك كە تا ئەمڕۆ 5-5-2024، بڕی 364.4 ملم باران باریوە، ئەمە لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو بە كۆی گشتی لەو شارە 244.9 ملم باران باری بوو.

بەو جۆرەیش بەراورد بە پارساڵ، ئەمساڵ لە شاری كەركووك 101.5 ملم باران زیاتر باریوە.