سوودانی لەبارەی دواكەوتنی مووچەی مانگی چوار و بەبانكیكردنی مووچە زانیاریی نوێ‌ ئاشكرا دەكات

05-05-2024 10:32

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، هۆكاری دواكەوتنی مووچەی مانگی چوار بۆ درەنگ ڕازیبوونی حكومەتی هەرێم بە بەبانكیكردنی مووچە و ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە. ئاشكرایشی دەكات كە بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانكی بازرگانیی عێراق (TBI)ـەوە دەكرێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت "مووچەی مانگی نیسان بە دەستپێكردنی تەوتین و ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ دێت".

ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراق و وەزیری كشتوكاڵی هەرێم و فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو، یەكێتی، پارتی و كۆمەڵ كۆبووەتەوە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "كۆبوونەوەكە سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و ئەو چوار بەنداوە بووە كە بۆ هەرێم دەرچووە، پشتگیریی وەرگرتنی هەموو گەنمی جووتیاران و داوای دەستپێكردنی بەنداوەكانمان كرد".

بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتاران پرسیاری دیكەشیان ئاراستەی سوودانی كردووە، بە تایبەت لەبارەی مووچەی مانگی چوار و بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

سۆران عومەر بە پەرەگرافی وت "دەربارەی تەوتین (بەبانكیكردنی مووچە) و مووچەی مانگی چوار، سەرۆكوەزیران وتی: حكومەتی هەرێم تازە ڕازی بووە داهاتی نانەوتی تەسلیم بكات و بانكی TBI دەست بە تەوتین بكات".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "بۆ جێگیركردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كە لە دەرەوەی (هەژماری من)ـی حكومەتی هەرێمن و ژمارەیان زیاتر لە ٧٠٠ هەزارە، لە بانكی TBI جێگیر دەكرێن، ئەمەش دوو مانگی پێویستە".

"پرسیم: ئایا تەنها بانكی TBI دەتوانێ تەوتین (بەبانكیكردنی مووچە) بكات؟ سەرۆكوەزیران وتی: بەڵێ، لەگەڵیان دانیشتووم ئامادەییان هەیە. دەربارەی قبووڵكردنی (هەژماری من)یش، ئاماژەی بەوە كرد جارێ ئەوەی لەوێ حسابی بۆ كراوەتەوە، قبووڵی دەكەن، ئەوی دیكە لە تی بی ئای حسابی بۆ دەكرێتەوە"، سۆران عومەر وا دەڵێت.

دەربارەی هێنانی هێلكە بە قاچاغ كە بووەتە هۆی كێشە بۆ پرۆژە ناوخۆییەكان، سۆران عومەر وتی "محەمەد شیاع سوودانی لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە وەزیری كشتوكاڵی هەرێم كرد هێنانی هێلكە بە قاچاخ لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان ڕاگرن و وتی: پرۆژەكانی خۆتان و عێراقیش بەرەو مایەپووچبوون دەچن".