نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە

06-05-2024 02:32

پەرەگراف

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ تاران له‌گه‌ڵ ئيبراهيم ڕه‌ئيسى، سه‌رۆككۆمارى ئێران، كۆبووه‌وه‌.

‌سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، "داكۆكييان له‌ پێويستى و گرنگيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌".

هاوکات جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر‌ بنه‌ماى دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و په‌يوه‌نديى ئابوورى كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى په‌يوه‌نديى دێرين و مێژووييى نێوان كۆمارى ئيسلامى و هه‌رێمى كوردستانيان كرد.

"سه‌رۆك ڕه‌ئيسى سوپاس و پێزانينى كۆمارى ئيسلامى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى بۆ ئه‌و هاريكارييه‌ى پێشكه‌ش به‌ زياره‌تكارانى ئێرانى بۆ مه‌زارگه‌ پيرۆزه‌كان له‌ باشوورى عێراق ده‌كات له‌ كاتى تێپه‌ڕبوونيان به‌ هه‌رێمى كوردستاندا" سەرۆکایەتی هەرێم وادەڵێت.

هاوکات سه‌رۆكى هه‌رێم سوپاسى پشتگيرى و هاريكاريى ئێرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردووە.

سەرۆکی هەرێم دوێنێ بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە تاران و تەوەرێکی سەردانەکەی وەرگرتنی گڵۆپی سەوزی ئێرانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی ئاژانسی میهری ئێران، تەوەرەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بریتین لە؛ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق بۆ  دوورخستنەوەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی ئێران.

"ئامانجێکی تریشی سەردانەکە وەرگرتنی ڕای ئێرانە لەمەڕ دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" میهر وادەڵێت.

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند كە بەم شێوەیەی ئێستا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق، ئەو حیزبە لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەوڵەكانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەست پێ‌ كردو بەپێی زانیارییەکان لایەنە عێراقییەکانی ڕازی کردووەو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکە دەدرێت.

نێچیرڤان بارزانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، پێویستە یەکێتی ڕازی بکات، پاشان لایەنە شیعەکانی عێراق کە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەژێر هەژموونی ئەواندایە، ئەوانیش بە نزیک یاخود بە "بەرەی ئێران" ناو دەبرێن.

پێشتر سەرچاوەیەکی باڵا بە پەرەگرافی وت "نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێرانییەکان و یەکێتیش هەیە، ئەگەر ئەو لایەنانە ڕازیی نەکات ئەوکات داواش لە کۆمسیۆن بکات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن کۆمسیۆن دەتوانێت داواکەی ڕەت بکاتەوە بە گەڕانەوەی بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و زۆربەی ڕێکارەکانی تەواو بوون".

لە كۆی پێنج حیزبی گەورە و دیاری هەرێمی كوردستان، جگە لە پارتی، هەریەك لە یەكێتی، نەوەی نوێ‌، یەكگرتوو و كۆمەڵ جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەنەوە کە 10-6-2024 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی.