ناوەرۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆككۆماری ئێران ئاشكرا دەبێت

06-05-2024 04:54

پەرەگراف

‏"هیچ عەقڵێكی تەندروست ڕێگە نادات ئێمە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێكی بەهێز و دۆست، بە هاوكاری لەگەڵ ‏ڕژێمێك كە ئەمڕۆ لە خراپترین پێگەی خۆیدایە، بگۆڕینەوە"، بەپێی ئاژانسێكی ئێرانی، نێچیرڤان بارزانی لە ‏كۆبوونەوە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی وای وتووە.‏(مەبەستی ئیسرائیلە).

هەر لە كۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، ئیبراهیم ڕەئیسی جەختی لە جێبەجێكردنی تەواوەتیی ‏ڕێككەوتننامەی ئەمنی كردووەتەوە و داوای كردووە "خاكی هەرێم و عێراق لەلایەن ڕژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) ‏و گرووپە دژبەرەكانی شۆڕش (ئۆپۆزسیۆنی ئێران)ـەوە دژی ئێران بەكار نەهێنرێت".‏

ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی ناوەرۆكی كۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ‏ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران ئاشكرا دەكات. ‏

بەپێی هەواڵی ئاژانسە ئێرانییەكە، ڕەئیسی لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاندووە "ئێمە لە نیەتپاكی و دۆستیی ‏برایانی عێراقی و كورد دڵنیاین، بەڵام بە سەرنجدان لە دوژمنكاریی دوژمنان بە تایبەت ڕژێمی زایۆنی دژی ‏میللەتی ئێران، چاوەڕوانیمان لە دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە بە تەواوەتی ڕێگری لە هەر خراپ ‏بەكارهێنانێكی خاكەكەیان لەلایەن دوژمنانی زایۆنی و گرووپە دژ بە شۆڕشەكانەوە بكەن".‏

ڕەئیسی لەگەڵ سوپاسكردنی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر هەنگاوەكانیان بۆ ‏جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق - ئێران، بۆ جێبەجێكردنی ورد و تەواوەتیی ‏ڕێككەوتنەكە جەختی كردووەتەوە كە "لەچەكداماڵینی تەواوەتی و نەهێشتنی گرووپەكانی دژ بە شۆڕش ‏‏(ئۆپۆزسیۆنی ئێران) لە خاكی عێراقدا پێویستە".‏

‏"ئێران هیچ ڕێگرییەك لەبەردەم فراوانكردنی هاوكارییە ئابووری و پەیوەندییە بازرگانییەكان لەگەڵ هەرێمی ‏كوردستان نابینێت، ئێمە سنووری دوور و درێژی نێوانمان بە دەرفەتێكی گرنگ بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ‏پەیوەندییەكانمان دەزانین، بەڵام ئاسایش بنەمای زەمینەسازیی هەر جۆرە پەیوەندییەك و فراوانكردنیەتی"، ‏سەرۆككۆماری ئێران وای وتووە.‏

سەبارەت بە قسەكانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە كۆبوونەوەكەدا، ئاژانسی میهر ‏بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی هەرێم، كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە "دۆستی ڕۆژە سەختەكان و وڵاتێك كە ‏لەگەڵ سەرهەڵدانی كێشەكان لە تەنیش عێراق و هەرێمی كوردستان وەستاوە" وەسف كردووە، ‏

هەروەها نێچیرڤان بارزانی وتوویەتی "ئێران بۆ ئێمە تەنیا دراوسێیەك نییە، ئەگەر شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ‏نەبوایە، دیار نەبوو كە بزووتنەوەی كوردی چ چارەنووسێكی دەبوو، پاراستنی ئەم هاوكاری و پەیوەندییانە ‏هێڵێكی سوورە كە ئێمە هەرگیز تێی ناپەڕێنین".‏

‏"چاوەڕوانیمان لە ئێران ئەوەیە كە وەكوو پێشتر بۆ نەهێشتنی كێشەكان لە عێراق و بونیادنانی وڵاتێكی ‏پێشكەوتوو و ئاوەدان لە تەنیشتمانەوە بێت. پەیوەندیی ڕابردوومان جێگای شانازییە، هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە ‏كە ئایندەیەكی درەوشاوە و باشتر بونیاد بنێین"، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وای وتووە.‏

هەروەها ئاژانسەكە دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لە جێبەجێكردنی تەواوەتیی ڕێككەوتننامەی ‏ئەمنیی نێوان ئێان و عێراق كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "هیچ عەقڵێكی تەندروست ڕێگە نادات ئێمە ‏پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێكی بەهێز و دۆست بە هاوكاری لەگەڵ ڕژێمێك كە ئەمڕۆ لە خراپترین پێگەی خۆیدایە، ‏بگۆڕینەوە".‏