زیاتر لە ٦٠٠ دووکان لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە هەولێرو  سووتاون

06-05-2024 05:08
کارمەندێکی ئاگرکوژانەوە لەکاتی هەوڵدان بۆ کوژانەوەی ئاگرەکەی قەیسەریی هەولێر، ٥-٥-٢٠٢٤

پەرەگراف

زیاتر لە 600 دووکان تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەولێرو دهۆک سووتاون و ملیۆنان دۆلار زیان بە کاسبکاران گەیشتووە، بەشێک لە دووکانداران گومانیان هەیە کە ئاگرکەوتنەوەکان بە دەستی ئەنقەست بن، بەڵام هێشتا بە فەرمی ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بازاڕی قەیسەریی هەولێر شەوی ڕابردوو ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوەو بەپێی ئاماری فەرمی و پشتڕاست کراوە، 228 دوکان و حەوت کۆگای قەیسەرییەکە سووتاون.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت: ئاگرەکەی قەیسەریی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام 132 کەس لە ئەفەسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە 117 كەسيان چارەسەر کران و 15 كەسى تريشان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی کران.

هێشتا هۆکاری ڕووداوەکە ئاشکرا نەکراوەو وەزارەتی کارەبا لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕەوانەی بازاڕەکە کرد تابزانرێت هۆکارەکە شۆرتی کارەبا بووە یاخود نا، بەوپێیەی لە ڕابردوودا زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان بۆ شۆرتی کارەبا گەڕێندراونەتەوە، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەڵگەو ئاماژەی وا لەبەر دەستدا نەبوو کە هۆکاری سوتانەکە پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف و ئامارەکانی بەرگری شارستانی هەولێر، تەنیا لە چوار مانگی ئەمساڵدا نزیکەی 30 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو شارە ڕوویانداوە کە هەندێکیان گەورە بوون و زیانی زۆریان بە بازاڕو دووکانەکان گەیاندووە، لەوانەش دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر لە مانگی 2 و 4ی ئەمساڵ کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 200 دووکانی بازاڕەکە سووتان.

لەنگەی شاری هەولێر یەکێکە لە بازاڕە قەرەباڵغەکان و سەدان دوکانی تێدایە، دووکاندارانی لەنگە گومانیان هەبوو ئاگرکەوتنەوەکان بە دەستی ئەنقەست بن، دوای ئاگرکەوتنەوەی دووەمی بازاڕەکە لە ڕۆژی 10-4 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند "لە نیگەرانی كاسبكارانی بازاڕی لەنگە تێدەگەین و ئێمەش وەک ئەوان نیگەرانین و گومانمان هەیە". بەڵام دوای مانگێک لە ڕووداوەکە تائێستا بە فەرمی ئەوە ڕانەگەیەندراوە کە بە دەستی ئەنقەست بووبێت یاخود نا.

هاوکات لە سەرەتای مانگی 4دا، بازاڕی چەلێ لە دهۆک کە بازاڕی گەورەی شارەکەیە ئاگری گرت و زیاتر لە 100 دوکان سووتان و زیانێکی زۆری ماددییان پێگەیشت. هەرچەندە ئامارێکی وردو پشتڕاستکراوە لەبەردەستدا نییە لەبارەی زیانی ئاگرەکانی هەولێرو دهۆک، بەڵام بە ملیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێت.