کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەستیکرد بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان

07-05-2024 02:07
ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ئەنجام نەدرێت. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لە کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠-٦ و لەو چوارچێوەیەدا دەستیکرد بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایگەیاند، دەستیانکردووە بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان کە ناوی پارتی سیاسیی و هاوپەیمانیێتییەکان و ژمارەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرە.

کاغەزەکانی دەنگدان بەپێی هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن(هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) چاپ دەکرێن لەگەڵ کاغەزێک بۆ دەنگدانی تایبەت.

بەردەوامیی کارەکانی کۆمسیۆن لەکاتێکدایە هێشتا دواخستنی هەڵبژاردنەکە ئەگەرێکی بەهێزەو بۆ هەمان مەبەست  سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لە دژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن تۆمار کردووەو داوادەکات دادگا کارەکانی کۆمسیۆن ڕابگرێت تا سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.

مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا کە ٦-٥-٢٠٢٤ تۆماری کردووە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، "سەرپێچی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسیی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی 49ی دەستووری عێراقە".

مەسرور بارزانی داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردووە، فەرمانێکی وەلائیی دەربکات بە مەبەستی راگرتنی کارەکانی کۆمسیۆن تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی.

سکاڵاکەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە پارتی دیموکرات فشارەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە بەهۆی ناڕەزایەتیی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و کورسیی پێکهاتەکان.

پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی لەکاتێکدایە پێشتر مەسرور بارزانی و پارتی دیموکرات ڕەخنەی تووند و تۆمەتی قورسیان ئاڕاستەی دادگاکە کردووە لەو بڕیارانەی داویەتی و لە بەرژەوەندیی هەرێم نەبوون، تەنانەت وەک "مەحکەمەی سەورە"ی ڕژێمی بەعس و دادگایەکی "نادەستووریی" ناویان بردووە.

ئەگەر دادگا فەرمان بە کۆمسیۆن بکات کارەکانی ڕابگرێت، ئەوە بە مانای دواخستنی هەڵبژاردنەکە دێت بەو پێیەی 10ی ئەم مانگە وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیە کە بڕیارە 10-6-2024 بەڕێوەبچێت، ئەگەر لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوا پێویستە لە پەرلەمانەوە تەمەنی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە کە لە 7-7-2024 بەسەر دەچێت، ئەوەش کاتی زیاتری پێویستە.

پاش ئەوەی پارتی ڕایگەیاند بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی ‏هەڵبژاردن ناكات، لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەوڵی ‏ڕازیكردنی لایەنەكان و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زیاتر بۆ ‏دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، بۆئەو مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدادی کردوو ئەمڕۆیش لە تاران ئەو پرسە بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران.

پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە؛ یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ‌ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.

بڕیارە هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە بچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ‌ كورسی بۆ تەرخان کراوە.