دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە ڕاگرتنی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
پەرەگراف
دادگای فیدراڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی سكاڵاكەی مەسروور بارزانی دەركرد و بڕیاری دا بە ڕاگرتنی ڕێكارەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە "وەستاندن و هەڵپەساردنی ڕێكارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی شەشەم".
دادگای فیدراڵی لە بڕیاركەكدا داوای كردووە "بەتایبەت" جێبەجێكردنی ماددەی سكاڵا لەسەر كراو، ژمارە 2 لە سیستمی تۆماركردنی لیستی كاندیدەكان كە پەسەند كراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ژمارە 7ی 2024، هەڵبپەسێردرێت.
دادگا ئاماژەی بەوە كردووە، ڕاگرتنی ڕێكارەكان "زەرورەتی كرداری و هونەری"ـی هەیە، چونكە "ڕێكارەكانی كۆمسیۆن و گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان، تێچوویەكی زۆریان لەسەر دەوڵەت هەیە و ئەگەر دادگا وەڵامی بۆ سكاڵاكە هەبێت (مەبەستی سكاڵاكەی مەسروور بارزانییە) و پێكهاتەكان بەشداریی هەڵبژاردنەكە بكەن و لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت كە تا ئێستا پێشكەش نەكراوە، پێویستە ڕێكارەكان دووبارە بگیرێنەوە بەر".
دادگای باڵا فیدراڵی ڕوونیشی كردووەتەوە كە ئەگەر ئەو ڕێكارانە ڕانەگیرێن و دادگا وەڵامی ئەرێنیی بۆ سكاڵاكەی مەسروور بارزانی هەبێت ، ئەوا "زیانێكی زۆری ماددیی بۆ داهاتی دەوڵەت و كاری مرۆیی دەبێت"، بەهۆی ئەو ڕێكارانەی كۆمیسیۆن كە دووبارە دەبێت بیانگرێتەوە بەر، هەر بۆیە ڕێگرتنی ڕێكارەكان لە ئێستادا بە باشتر دەزانێت.