کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کارەکانی ڕاگرت تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

08-05-2024 12:40

 

پەرەگراف

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواوی کارەکانی ڕاگرت تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، ڕاگرتنی کارەکانیان بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلایی دەبێتەوە کە لە دادگا فیدراڵی تۆمار کراوە.

دادگای فیدراڵی عێراق دوێنێ لەسەر سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، فەرمانێکی سالاریی دەرکردو بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆن تا سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە لە دژی کۆمسیۆن لە دادگا تۆماری کردووە یەکلایی دەبێتەوە.

دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا جێبەجێکردنی ‏سیستمی تۆماركردنی كاندیدەكان و پەسەندکردنیانی ڕاگرتووە کە بەپێی ئەو سیستمە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دابەشکراوە بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردنداو مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا دەڵێت دابەشکارییەکەی کۆمسیۆن پێچەوانەی دەستوورەو لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگدران کورسییەکان دابەشکراون نەک لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان.

بەشێکی دیکە لە سکاڵاکەی مەسرور بارزانی تایبەتە بە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، هەرچەندە دادگا فیدراڵی پێشتر ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیدا بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٩ی دەستوور داوای له‌به‌رچاوگرتنی نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌كات له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بگەڕێنێتەوە.

دادگای فیدراڵی لە فەرمانەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ڕاگرتنی ڕێكارەكانی کۆمسیۆن "زەرورەتی كرداری و هونەری"ـی هەیە، چونكە ڕێكارەكان و گرێبەستەكانی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان، تێچوویەكی زۆریان لەسەر دەوڵەت هەیە و ئەگەر ‏دادگا وەڵامی بۆ سكاڵاكەی مەسرور بارزانی هەبێت و پێكهاتەكان بەشداریی ‏هەڵبژاردنەكە بكەن و لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت كە تا ئێستا پێشكەش نەكراوە، پێویستە ڕێكارەكان ‏دووبارە بگیرێنەوەبەر ئەوەش زیانێکی زۆری ماددی دەبێت ‏بەهۆی ئەو ڕێكارانەی كۆمسیۆن كە دەبێت دووبارە بکرێنەوە هەر بۆیە بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی ڕێكارەكان لە ئێستادا.

هاوڕێ تۆفیق شارەزای یاسا و هەڵبژاردن کە پێشووتر سەرۆکی نووسینگەی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بووە، پێیوایە "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە داواکەی مەسرور بارزانی پەسەندکردو ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی ڕاگرت بەجۆرێک لە جۆرەکان  پاشگەزبونەوەیە لە بڕیاری پێشووی دادگاکەو جارێکی دیکە گەڕانەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانە بەڵام بە ژمارەو شێوەیەکی تر".

ئەو شارەزایەی یاساو هەڵبژاردن دەشڵێت "ئەوەی گرنگە سەرنجێکە کە دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی شایەنی پێداچونەوەو دەرکردنی بڕیاری تازەن، هەرچەندە ئەم قسەیە لە دیدی تیۆریی قانونیی وشک و رەهاییەوە راست نییەو بڕیارەکانی دادگا کۆتایین و شایەنی دەستکاریکردن نین، بەڵام لەنێوان بژاردەی پیتی سەر کاغەزو واقیع، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوەی دووەمیان ڕاستە".

ڕاگرتنی کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە کۆمسیۆنەکە تا دوێنێش بەردەوام بوو لە کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٠-٦ و لەو چوارچێوەیەدا دەستیکردبوو بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکەی حەقیقەت و جارێکی دیکە پرسەکە دەچێتەوەدەست نێچیرڤان بارزانی کە دوای بڕیاری کۆتایی دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکە دیاری بکات.