بانكی تی بی ئای: بەشداری لە بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكەین

08-05-2024 01:42

پەرەگراف

بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) ڕایگەیاند، بانكەكە بەشداری لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات و دوای دانیشتن لەگەڵ شانددی هەرێم، چاوەڕێیە حكومەتی هەرێم لیستی ناوی فەرمانبەرانی ڕادەست بكات.

بانكەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "وەكوو پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەربارەی بەشداریكردنی بانكەكەمان لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات، وەفدێكی تایبەتمەندی بانكی بازرگانی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی لقی هەولێری بانكەكە، لەگەڵ وەفدێكی تایبەتمەند لە حكومەتی هەرێم لە هەولێر كۆبووەوە".

كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ بووە دەربارەی "میكانیزمی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان" لە بانكی تی بی ئای و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی "پێداویستییەكانی كردنەوەی هەژمار و دەركردنی كارتی بانكی و دانانی ئامێری پارەڕاكێشان (ئەی تی ئێم) لە تەواوی هەرێمی كوردستان بۆ ڕاكێشانی پارە لەلایەن فەرمانبەرانەوە" كراوە.

لە ڕاگەیەندراوی بانكی تی بی ئایدا هاتووە "شاندی بانكی تی بی ئای بۆ شاندی حكومەتی هەرێمی ڕوون كردەوە كە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان جێی بایەخی زۆرە لای محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كەسی بە دواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكات، لە ڕووانگەی گرنگیدان بە هاووڵاتیانمان لە هەرێمی كوردستان".

بانكی تی بی ئای ڕایگەیاندووە كە چاوەڕێیە حكومەتی هەرێم لیستی ناو و بەڵگەنامەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرێت كە مووچەكەیان لە بانكی تی بی ئای بەبانكی دەكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەكە بكرێت.