وەزارەتی دارایی هەرێم: بانكی تی بی ئای بەشداری لە (هەژماری من ) دەكات

08-05-2024 01:48

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین كە بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات".

ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە:

بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە (هەژماری من ) دەكات*

بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین كە بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات.

بەپێی ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجامدا.

لە كۆبوونەوەكاندا، گفتوگۆ لەبارەی میكانیزم و پێداویستییەكانی كردنەوەی هەژمارەكان و پرۆسەی دروستكردنی كارت و بڵاوكردنەوەی ئامێرەكانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا كرا.

بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانكی دیكەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەكی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانكی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ مووچەخۆرانی كەرتی گشتی لە هەرێمی كوردستان و كەرتی دارایی عێراق.

ئێمە خۆشحاڵین بەم هاوبەشییە و ئەو سوودانەی كە لەم ڕێگەیەوە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەگات.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان